وەزیری پێشوی نەوتی عێراق دەستگیرکرا‌و بەکەفالەتی پێنج ملیار دینار ئازادکرا

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3102 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی عێراق، دەنگۆی دەستگیرکردنی حەیان عەبدولغەنی وەزیری پێشوی نەوتی عێراقیان بەتۆمەتی تێوەگلان لەدۆسیەی گەندەڵیدا بڵاوکردەوە، هاوکات ئاماژە بەوەشدەكەن، ناوبراو دواتر بەکەفالەتێکی دارایی قورس ئازادکراوە كه‌ بڕه‌كه‌ى پێنج ملیار دیناره‌.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئاسمانیی (بەغدادیە)ی عێراقی، هێزێکی ئەمنی حه‌یان عەبدولغەنی-یان بەتۆمەتی تێوەگلان لەدۆسیەی گەندەڵیی گەورە دەستگیرکردوە، بەتایبەتی لەسەر کەیسی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشوی وەزیری نەوتی عێراق کە چەند مانگێکە لەپشت بەربەستەکاندا دەستبەسەرەو دزینی بڕێکی یەکجار زۆر پارەی لێ ئاشکرابوە.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایانکردوە، ئەگەرچی وەزیری پێشوی نەوت لەسەر دۆسیەکەی جومەیلی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوەو دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر بەفەرمی بەکەفالەتی دارایی پێنج ملیار دیناری عێراقی ئازادکراوە تا ڕۆژی دادگاییکردنی.

سەره‌ڕای بڵاوبونەوەی بەربڵاوی ئەم هەواڵە لەناوەندە میدیاییەکان‌و پلاتفۆڕمەکانی عێراقدا، بەڵام تائێستا هیچ ڕونکردنەوە یان ڕاگەیه‌ندراوێکی فەرمی لەلایەن دەستەی دەستپاکی یان ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بۆ پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی فەرمیی دەستگیرکردنەکە دەرنەچوە.