شارپرێس:
لەیەکەم کاردانەوەی فەرمیو توندی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرامبەر بەلێکەوتەکانی گەمارۆ نوێیەکانی واشنتۆن، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران هۆشدارییەکی کتوپڕی دهداته وڵاتانی ناوچەکەو دهڵێت، "بەردەوامبونی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەمان، لێکەوتەی مەترسیداری دەبێتو دەبێتە هۆی داخستنی تەواوی ئاسمانی ناوچەکە".
ئەم پەیامە توندەی محەمەد موخبیر ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران دوای ئەوەدێت، لەچەند کاتژمێری ڕابردودا، بەهۆی کاریگەریی ڕاستەوخۆی سزاکانی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا، سەرجەم فڕۆکەخانە سەرەکییەکانی عێراق (لەنێویاندا فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف، هەولێرو سلێمانی) بەفەرمی هەڵپەساردنی تەواوی گەشتەکانیان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند؛ ئەم بڕیارەش هاوکاتبوو لەگەڵ هەنگاوی هاوشێوەی چەندین دەوڵەتی دیكهى ناوچەکە وەک (ئیمارات، عومانو تورکیا) کە ئاسمانی خۆیان بەڕوی فڕۆکە ئێرانییەکاندا داخست.
محەمەد موخبیر جەختیکردهوه، "ئێران بێدەنگ نابێت لەهەمبەر گۆشەگیرکردنی کەرتی فڕۆکەوانییەکەی لەژێر گوشاری سزاکانی ئەمریکادا، تێکچونی هاوسەنگیی هاتوچۆی ئاسمانیو سەپاندنی گەمارۆ بەسەر تاراندا، وادەکات ئاسایشی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لەتەواوی هێڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەوێتە مەترسییەوەو ئاسمانی ناوچەکە بەتەواوی دابخرێت".
چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ئەم هۆشدارییەی ڕاوێژکاری موجتهبا خامنەیی، نامەیەکی ڕاستەوخۆو ڕونی گوشارە بۆسەر بەغداو پایتەختەکانی دیكهى دەوروبەر، تاوەکو پابەندی گەمارۆ داراییو فڕۆکەوانییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نەبن دژی تاران.
