شارپرێس:
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی
یەمەن (حوسییەکان) لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەڕێگەی زنجیرەیەک
هێرشى موشەکی بالیستی، کروزو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ئامانجێکی زۆر هەستیاریان لەناوجەرگەی
ڕیازی پایتەختی سعودیەو دامەزراوەیەکی کۆمپانیای ئارامکۆیان لەبەندەری ستراتیژیی یەنبەع
پێکاوە.
یەحیا سەریع وتەبێژی هێزە
چەکدارەکانی یەمەن (حوسییەکان) ئاماژەی بەوەدا، ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە وەک
وەڵامدانەوەیەک دێت بۆسەر بەردەوامبونی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتیی سعودیە
بۆسەر گەلی یەمەن.
ئاشکراشیکرد، لەسەرەتای
پەرەسەندنی نوێی گرژییەکانەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە نزیکەی 1018 هێرشی ئاسمانییان
کردوەتەسەر پارێزگا جیاوازەکانی یەمەن کە بەهۆیانەوە چەندین هاوڵاتیی مەدەنی، لەنێویاندا
ژنو منداڵ، کوژراونو برینداربون.
وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی
یەمەن جەختیکردەوە، بەردەوامبونی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕیاز ناتوانێت ڕێگریی لەمافی
شەرعیو یاسایی ئەوان بکات بۆ وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆو گونجاو، هۆشداریشیدا، هەر پەلامارو
پەرەسەندنێکی سەربازیی لەلایەن سعودیەوە، بەهەمان شێوازو قەبارە وەڵامدەدرێتەوە.
سەریع لەکۆتایی بەیاننامەکەیدا
ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەردەوامدەبن لەسەپاندنی هاوکێشەی "گەمارۆ بەرامبەر گەمارۆو
پەرەسەندن بەرامبەر پەرەسەندن"و کردنه ئامانجى کۆبونەوە سەربازییەکانی سعودیە،
تائەوکاتەی هێرشەکان بەتەواوی ڕادەگیرێنو گەمارۆی سەر وڵاتەکە لادەبرێت.
