دراوی عێراقی؛ بۆ هەندێک کەس دیواربەندی یادگارییەو لای هەندێکی دیكه‌ش شوێنی دەستەواژەی نەشیاوە

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زەهرا خالید چەند پێداویستییەکی لەدوكانێكى سەوزەو میوە کڕیی، کاتێک تەواوبوو 25 هەزار دیناری دەرکرد بۆ ئەوەی پارەی کڕینەکە بدات، بەڵام تێبینیکرد کە چەندین دەستەواژەی نەشیاوو بریندارکەری هەستی گشتیی لەسەر دراوەکە نوسراون.



ئەم کچە لەپێشکەشکردنی پارەکە بەکاسبکارەکە خۆی بەدورگرت، نه‌شیویستوه‌ بچێتە نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ گۆڕینی، بیری لەوەشکردەوە سەردانی یەکێک لەبانکەکان بکات، بەڵام درکی بەوەکرد کە پرۆسەکە کاتی زۆری دەوێت بۆ چاوەڕوانیکردن، جیا لەتێچوی کرێی هاتوچۆ بۆ بانکەکە؛ لەکۆتاییدا خۆى ڕاده‌ستى واقیعەکە بوو و بڕیاریدا پاره‌كه‌ بدڕێنێت‌و خۆی لێ ڕزگاربکات.

ماوەیەکی درێژە کە پاره‌ى عێراقى لای هەندێک لەعێراقییەکان بوه‌ته‌ شتێک هاوشێوەی دیواربەندی یادگارییە کەسییەکان؛ مێژوە گرنگەکانی ژیانیانی لەسەر تۆماردەکەن یان بۆ دەربڕینی سۆزو خەمەکانیان بەکاریدەهێنن، لەکاتێکدا هەندێکی دیكه‌ کردویانەتە شوێنێک بۆ نوسینی دەستەواژەی "نەشیاو" یان تابلۆیەک بۆ وێنەکێشان، ئەمە لەکاتێکدایە کە دۆخی دۆلار تەواو جیاوازەو بەهۆی به‌رزیى نرخه‌كه‌یه‌وه‌ کەم کەس دەوێرێت بەنوسین شێوەکەی تێکبدات، بەڵام ئەویش لەمۆری نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕى دراو ڕزگاری نەبوە.

هەیفا عەلی خانمێكى عێراقیه‌و وتویه‌تى، "بۆ ماوەی دوساڵ دراوێكى جۆرى 25 هەزار دیناریم پاراست، تەنها لەبەرئەوەی مێژوی لەدایکبونی یەکەم منداڵم لەسەر تۆمارکردبوو، لەبەر ڕێزگرتن‌و بەخشینی بەها بەو یادگارییە، ئەم دراوه‌م لەناو جزدانەکەمدا لەگەڵ پارەکانی دیكه‌ تێکەڵ نەدەکرد، بەڵام ڕۆژێک لەبەر ناچاریی‌و پێویستی ڕاستەوخۆ بەپارە، ناچاربوم خەرجی بکەم".



ده‌شڵێت، "هۆکاری جێگیرکردنی مێژوی لەدایکبونی منداڵەکەم لەسەر پارە ئەوەبوو کە پارە شتێکی ئازیزە، بۆیە ویستم لەوێدا بیپارێزم، بەڵام لەکۆتاییدا پێویستی زاڵبوو بەسەر ئارەزوەکەمدا".

ئێستا بۆ خەڵکی بوەتە دیمەنێکی ئاسایی کە چەندین دەستەواژەی ناڕون، ناوی کچان، یان یادگاریی جیاواز لەسەر دراوە ناوخۆییەکان بخوێننەوە، جیا لەبونی دەستەواژەو وێنەی نەشیاوو تەنانەت ژمارەی مۆبایلیش.

لەم نێوەندەدا چەندین پرسیار دروستدەبن سەبارەت بەوەی ئایا نوسین کاریگەری دەکاتەسەر بەهای دراوەکە، یان ناسنامەکەی دەگۆڕێت‌و دەبێتە ڕێگر لەبەردەم مامەڵەکردن پێیەوە؟، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئوسامە مشرەفاوی خاوەنی کۆمپانیایەکی ئاڵوگۆڕی دراوه‌ ده‌ڵێت، "بەهای گۆڕینەوە به‌گوێره‌ى جۆری ئەو نوسینانەی لەسەر دراوەکەن دەگۆڕێت؛ نوسین لەسەر دۆلاری ئەمریکی، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ توشی سەرلێشێوان دەکات‌و زۆرێک لەکۆمپانیاکان بەچەک‌و دۆلارێك کە نوسینی لەسەربێت مامەڵە ناکەن".

ئاماژە بەوەشدەکات، نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕى دراو مۆری تایبەتی خۆیان لەسەر دۆلار دەدەن، هەروەها بەرزیی نرخی دۆلار ڕێگرە لەوەی بەنوسین‌و وێنەکێشان شێوەکەی بشێوێنرێت، دەشڵێت، "بۆچونی گشتیی ئەوەیە، نوسین لەسەر دۆلار بەراورد بەدراوی ناوخۆیی زۆر کەمە، هاوكات مۆری کۆمپانیاکان بۆ مامەڵەکردن بەدراوى 50 هەزار دیناریی عێراقیش بەکاردێت بەهۆی زۆریی ساختەکاری لەمجۆره‌دا".

زۆرینه‌ى شاره‌زایانى ئابورى كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ى، نوسین لەسەر پەڕەپوڵە نەختییەکان یان دراوه‌كان، دیاردەیەکی نادروست‌و دورلە شارستانییەتەو هاوكات زیان بەکەسانی دیكه‌ش دەگەیەنێت، چونکە وه‌كو باسكراوه‌، هەندێکجار وای لێدەکات شیاوی مامەڵەکردن نەبێت.

مستەفا حەنتوش پسپۆڕی ئابوریی ڕایگەیاندوە، دیاردەی نوسین لەسەر دراوەکان دەبێتە هۆی تیاچون‌و کۆنبونی خێرای دراوه‌كان، ئەمەش لەگەڵ سیاسەتی نەختیی وڵاتدا ناگونجێت، کۆنبونی پێشوەختەی دراوەکانیش تێچویەکی دارایی زۆری هەیە، چونکە بەشێکیان چیتر شیاوی ئاڵوگۆڕ نابن.



باسى له‌وه‌شكردوه‌، "بونی نوسین‌و مۆر گومان دروستدەکات کە دراوەکە ساختە بێت‌و پێویستی بەپشکنین هەبێت، بۆیە شێواندنی دراو بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییەو پێویستە ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان کارابکرێت بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتیی لەپاراستنی بەهای نەختیی دراوەکان لەجیاتی شێواندنیان".

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، پرسیار لەسەر پێگەی یاسایی ئەم کردەوانە دروستدەبێت، کە ئایا کاریگەری دەکاتەسەر شیاویی دراوەکە بۆ مامەڵەکردن؟ عەلی تەمیمی پسپۆڕی یاسایی وتویه‌تى، "یاسای عێراقی جیاوازیی ڕون دەکات لەنێوان ساختەکردنی دراوو شێواندن یان نوسین لەسەری؛ بەوپێیەی ساختەکردن یان کۆپیکردنی دراوە نەختییەکان به‌گوێره‌ى یاسای سزادانی ژمارە 111ی ساڵی 1969 وەک تاوانی (جنایه‌) لەقەڵەمدەدرێت، لەکاتێکدا یاسای بانکی ناوەندیی عێراق ژمارە 56ی ساڵی 2004 سزا توندەکانی تایبەت بەلێدان یان هەڵگرتنی ئەنقەستی دراوی ساختەی دیاریکردوە".

به‌وته‌ى تەمیمی، "نوسین، وێنەکێشان، یان لێدانی مۆر لەسەر دراوەکان ناچێتە چوارچێوەی تاوانی ساختەکارییەوە، بەڵکو وەک شێواندن یان تێکدانی بەهای دراوەکە ئەژماردەکرێت، بانکی ناوەندیش چەندین ڕێسای بۆ دیاریکردنی دراوی شیاوو نەشیاو بۆ مامەڵەکردن داناوە، لەنێویشیاندا ئەو پارانەی کە نوسین، مۆر یان دڕانیان تێدایە".

ئەو پسپۆڕە یاساییە دەشڵێت، "ئەو دراوه‌ى نوسین یان مۆری پێوەیە، بەڵام کاریگەریی گەورەی نەکردوەتەسەر شێوەی دەرەوەی، دەکرێت لەچوارچێوەی دراوە نەشیاوەکان بۆ ئاڵوگۆڕ پۆلێن بکرێت، خاوەنەکەی قەرەبوو دەکرێتەوەو پارەکە لەبازاڕ دەکشێنرێتەوەو ڕەوانەی بانکی ناوەندیی دەکرێت بەمەبەستی لەناوبردنی فەرمی، بەرپرسیارێتییەکە به‌گوێره‌ى جۆری کارەکە دەگۆڕێت؛ تەنها گەیشتنی پارەیەکی نوسراو بەدەستی هاوڵاتییەک لەناو مامەڵەی ڕۆژانەدا بەواتای ئەنجامدانی سەرپێچی نایەت، بەڵکو لێپرسینەوە یاساییەکە کاتێک دروستدەبێت کە کەسێک بەئەنقەست کار بۆ شێواندن یان لەناوبردنی گەورەی دراوی نیشتمانی بکات".

بەپەلە