كوژرانى نۆ سه‌ركرده‌و 159 ئه‌فسه‌رى حوسى له‌شه‌ڕى به‌رزاییه‌كانى یه‌مه‌ن ئاشكراده‌كرێت

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3149 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای پێشڕەوییە خێراکانیان لەکەناراوەکانی ڕۆژئاوا، چەکدارانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) لەدەوروبەری گەروی ستراتیژیی بابولمەندەب توشی کۆسپێکی توندی جوگرافی بونەتەوە؛ چیا سەختەکان، بەرزاییە باڵادەستەکان‌و نەیارانی شارەزا لەخاکەکە، شەڕەکەیان لەپێشبڕکێی کۆنتڕۆڵکردنی ڕوبەرەکانەوە گۆڕیوە بۆ جەنگێکی خوێناوی لەناو چیاکاندا کە تێیدا زیانەکان تەنها چەکدارە ئاساییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو گەیشتوەتە لوتکەی سەرکردایەتیی گروپەکە.


سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی هێرشە چڕەکانی حوسییەکان بۆسەر بەرزاییەکان لەناوەڕاستی ئەیلولی ئێستادا، لانیکەم نۆ سەرکردەی باڵای حوسییەکان کوژراون‌و دوو فەرماندەی دیكه‌ى مەیدانیش بەدیلگیراون، لێکۆڵینەوەو شیکارییە سەربازییەکانیش هۆکاری سەرەکیی کەوتنی خێرای ئەم فەرماندە باڵایانە لەم بەرەیەدا بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێننەوە، یه‌كه‌میان سروشتی جەنگەکەو ناچاریی ئامادەبونی فەرماندەکان‌و دوه‌میش، گرێکوێرەی پاراستنی کەناراوەکان لەڕێگەی چیاکانەوە.

سه‌رچاوه‌كان بۆ هۆكارى یه‌كه‌میان ده‌ڵێن، حوسییەکان لەزەوییە کەناراوییە کراوەکانەوە چونەتە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی (کەهبوب‌و وازعیەو ڕۆژئاوای تەعەز) کە تێیدا هێڵه‌كانى پێشڕەوی زۆر تەسکدەبنەوە‌و کۆنتڕۆڵکردنی لوتکەی چیاکان‌و ڕێگه‌ شاخاوییەکان دەبێتە بنەمای سەرەکیی هەر هێرشێک.

پێیانوایه‌، لەمجۆرە جەنگانەدا، گرنگیی فەرماندەیی ڕاستەوخۆ لەمەیدانی جەنگدا بۆ بەڕێوەبردنی یەکەکان‌و هەماهەنگیی هێرشەکان چەند بەرامبەر دەبێت؛ ئەمەش وایکردوە فەرماندە باڵاکان ناچاربن لەهێڵەکانی پێشەوەی جەنگدابن‌و ڕاستەوخۆ بکەونەبەر نیشانشکێن‌و بۆردومانەکان.

له‌باره‌ى هۆكارى دوه‌میشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان وتویانه‌، "حوسییەکان ناتوانن بەسادەیی کەناراوەکان بپارێزن بەبێ کۆنتڕۆڵکردنی چیاکان؛ چونکە ئەو بەرزاییانە دەبنە قوڵایی وشکانی بۆ ئەو پێگە کەناراوییانەی کە پێشتر دەستیان بەسەرداگرتوە، هه‌روه‌ك کۆنتڕۆڵکردنی چیاکان هاوکار دەبێت لەپاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەو یارمەتی، وەک ناوچەی (کەهبوب) کە بەبەشێک لەدیواری سروشتیی سەرپەرشتیاری گەروی بابولمەندەب دادەنرێت، لێرەشدا کێشە گەورەکە دروستدەبێت؛ بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کەناراوەکان، حوسییەکان پێویستیان بەچیاکانە، بەڵام هێرشکردنەسەر چیاکان باجێکی مرۆیی یەکجار قورسی لێ وەرگرتون.

ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی یەمەن پشتڕاستیدەکەنەوە، تەنها لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە، تەرمی 422 چەکداری حوسی بەفەرمی بەڕێکراون کە 159یان ئەفسەربون‌و جەختیشدەکرێتەوە، ئەو ژمارانە تەواوی قەبارەی ڕاستەقینەی کوژراوەکانیان دەرناخات، هه‌ربۆیە شەڕی بەرزاییەکان چیتر تەنها هەوڵێک نییە بۆ گرتنی چەند لوتکەیەک، بەڵکو جەنگە بۆ پاراستنی خودی کەناراوەکان‌و کاتێکیش شەڕەکە لەچیاکاندا درێژەبکێشێت، تێچوی پاراستنی پێگەکانی حوسییەکان لەبابولمەندەب زیاتر دەبێت.

بەپەلە