ئیدارەی ترەمپ بەبەهای 21.6 ملیار دۆلار چەک‌و یارمەتیی سەربازیی داوەتە ئیسرائیل

جیهان

53 خولەک پێش ئێستا‌ 1216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاگادارییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆنگرێس‌و داتاو بەڵگەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن، بەهای ئەو گرێبەستانەی چەک‌و یارمەتییە سەربازییەی بۆ ئیسرائیل پەسەندکراون یان ئاگاداری کۆنگرێس کراون، لە20ی کانونی دوەمی 2025 تا 17ی ئەیلولی 2026 گەیشتوه‌تە نزیکەی 21.6 ملیار دۆلار.


به‌گوێره‌ى ئەم داتایە، بەشێک لەگرێبەستەکان بەبەکارهێنانی دەسەڵاتی باری نائاسایی پەسەندکراون کە ڕێگە بەئیدارەی ئەمریکا دەدات پرۆسەی پێداچونەوەی ئاسایی کۆنگرێس تێپەڕێنێت.

لەئەیلولی ئەمساڵدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەشێوەی نافەرمی سەرکردایەتیی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران‌و سێناتی لەگرێبەستێکی نوێ بەبەهای 2.8 ملیار دۆلار ئاگادارکردەوە.

ئەم گرێبەستە 40 هەزار بۆمبی 2 هەزار پاوەندی، 20 هەزار بۆمبی BLU-117 و 20 هەزار کڵاوەی جەنگی دژە قەڵا I-2000 لەخۆدەگرێت.

لەکانونی دوەمی 2025دا، ئیدارەی ترەمپ ڕاگرتنی گرێبەستی بۆمبە قورسەکان کە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدنەوە دانرابوو، هەڵوەشاندەوە؛ بەهای ئەو پاکێجە 2.04 ملیار دۆلار بوو.

لەشوباتی 2025یشدا واشنتۆن گرێبەستێکی 7.4 ملیار دۆلاری پەسەندکرد کە بۆمب سیستەمی ڕێنمایی‌و سێ هەزار موشەکی Hellfire لەخۆدەگرت.

هەروەک لە ساڵی 2025و 2026دا چەند گرێبەستی دیكه‌ى چەک پەسەندکران، لەوانە 6.67 ملیار دۆلار بۆ 30 هەلیکۆپتەری ئەپاچی‌و 3,250 ئۆتۆمبێلی هێرشبەر.

لەئاداری 2026دا، واشنتۆن گرێبەستێکی 650 ملیۆن دۆلاری بۆ 12 هەزار بۆمبی 1,000 پاوەندی پەسەندکرد، لەگەڵ 298 ملیۆن دۆلار بۆ چەکی زیادە، لەئایاری 2026یش گرێبەستێکی 992.4 ملیۆن دۆلاری بۆ 10 هەزار سیستەمی موشەکی APKWS پەسەندکرا.

به‌گوێره‌ى ژمارەکانی توێژینەوەکە، کۆی ئەو گرێبەستانە تائێستا 19.2 ملیار دۆلارەو لەگەڵ تەواوبونی گرێبەستە نوێیەکە، ئەو بڕە دەگاتە 21.6 ملیار دۆلار، بەشێکیش لەم گرێبەستانە لەڕێگەی بەرنامەی دارایی سەربازیی دەرەکیی ئەمریکا، واتە یارمەتییە سەربازییەکانی واشنتۆن، دابیندەکرێن.

بەپەلە