شارپرێس:
ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لەدیارترین گروپه چەکدارە شیعەکانی عێراق، ئهمشهو بەفەرمی هەڕەشەی ئەنجامدانی مانگرتنی کراوەی لەناو فڕۆکەخانەکانی عێراقدا ڕاگەیاند، تائەوکاتەی بڕیاری قەدەغەی ئەمریکا بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا دەشکێندرێت.
ئەکرەم کەعبی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "قسەکردن لەسەر سەروەریی وڵات لەکاتێکدا کە عێراق کراوەتە گوندێکی بچوکو ئەمریکییەکان جڵەوی دهكهن، بەواتای پەیڕەوکردنی سیاسەتی دوڕوانە دێت، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە؛ بۆیە ئێمە گلەییو سەرکۆنەی تەواوی هێزە سیاسییەکان بەسەرجەم بەشو پێکهاتەکانیانەوە دەکەین لەسەر ئەم هەڵوێستە نالەبارانە".
کەعبی لەدرێژەی پەیامە هەڕەشەئامێزەکەیدا وتویهتى، "ئێمە ماوەیەکی درێژ چاوەڕوان ناکەین، ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەرنەکرێتو لەژێر هەژمونی ئەمریکا نەییەینە دەرەوەو پڕۆسەی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێراندا بەڕەوانی دەستپێنەکاتەوە، ئەوا داوا لەهەموان دەکەین ئامادەکاریی بکەن بۆ مانگرتن لەناو فڕۆکەخانەکانی عێراق تائەوکاتەی بڕیارەکەی ئەمریکا تێکدەشکێنرێت".
ئەم پێشهاتە مەترسیدارە لەکاتێکدا دێت کە هەر ئەمڕۆ، وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن ڕایگەیاندبوو، لایەنی ئێرانییان بەفەرمی لەسەر قەدەغەی فڕینی کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران ئاگادارکردوەتەوە کە لەڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوەوە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاماژەی بەوەشكردبوو، بەغدا بەنیازە لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا گفتوگۆ لەسەر ئەم سزایانە بکات تا بتوانرێت خزمەتگوزاری پێشکەش بەفڕۆکەوانیی ئێران بکرێت.
پێشتریش وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەڕۆژى 8ی ئەیلولی ئەم مانگەدا 2026دا، سەپاندنی سزاو سنوردارکردنی توندی بەسەر 36 لایەنو قەوارەی پەیوەندیدار بەکەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا ڕاگەیاند کە لەنێویاندا 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانی هەنو هۆشداریی توندیشیدابوە هەرلایەنو دەوڵەتێک کە خزمەتگوزاری پێشکەش بەکۆمپانیاکانی ئێران بکات.
پهیامهكهى كهعبى لهكاتێكدایه كه ئێوارهى ئهمڕۆش بهههمانشێوه عادل عهبدولمههدى سهرۆك وهزیرانى پێشوترى عێراق دژى بڕیارهكهى ئهمریكا هاتهدهنگو داوایكردبوو عێراق پابهندى نهبێتو فڕۆكهخانهكان بهڕوى ئێراندا كراوهبن.