سەدر له‌باره‌ى سۆشیاڵ میدیاوه‌ چى وت؟

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەمڕۆ هەینی بەفەرمی ڕایگەیاند، دیاردەی سۆشیاڵ میدیا دیاردەیەکی سەیرەو وەک چەکێکی دودەم وایە کە مرۆڤ یان بەرەو داڕمان‌و نزمبونەوە دەبات، یان بەرەو بەرزبونەوەو تەواکاریی کۆمەڵایەتی.


موقته‌دا سەدر لەبەیاننامەیەکدا چەند خاڵێکی سەرەکیی لەسەر مەترسی‌و سودەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خستوەتەڕوو ده‌ڵێت، "ئەم دەروازە میدیاییە بۆ دەستی کەسانی نەزان‌و مه‌بەسەتدار، بێگومان دەبێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵایەتی، ڕەنگە ئەمە ئامانجی سەرەکیی ڕۆژئاوابێت بۆ پەرتەوازەکردن‌و نەزانکردنی کۆمەڵگە ئیسلامییە ڕۆژهەڵاتییەکان، کە سۆشیاڵ میدیایان کردوەتە ئامانج لەجیاتی ئامراز، بەتایبەتی لەگەڵ بونی ئەو سەرنجڕاکێشەرە داراییانەی (قازانج) کە بەبێ گوێدانە ناوەڕۆکی بابەتەکان، بەسەر بڵاوکاراندا دابەشدەکرێن".

موقتەدا سەدر هۆشدارییەکی توندیداوەو ڕایگەیاندوە، "گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە بۆ ناو ئەوکەسانەی کە بانگەشەی پەیوەندیی بەئێمەوە (ئال سەدر) دەکەن، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە، بەڵکو قەدەغەو حەرامە".

ئەو جەختیکردوەتەوە، "پێویستە هەموان بگەڕێنەوە بۆ مەرجەعیەت، سیستم‌و چاودێریی، بۆ ئەوەی وێنەیەکی جوان لەسەر بنەماڵەی سەدر نیشانبدەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر خراپەکاریی بکەن، بەبێ دودڵی بێبه‌ریبونى خۆمیان لێ ڕادەگەیەنم".

لەکۆتاییدا سەدر ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم دۆخە مانای ئەوەنییە "بابەتە بەسودەکان بونیان نییە، بەڵکو پێویستە هانیان بدرێت‌و بەوردی بەدواداچونیان بۆ بکرێت؛ لەو چوارچێوەیەشدا داوای لەپسپۆڕان کردوە لیژنەیەکی چاودێریی‌و کۆمەڵایەتی پێکبهێنن کە بتوانێت سود بەم بوارە بگەیەنن‌و پەخشە ڕاستەوخۆکان بۆ بەرژەوەندیی گشتیی‌و تایبەتی ئاڕاستە بکات".