د. كامەران مەنتك
بەشی یەكەم
زۆر لەسەر ریفڕاندۆم نووسراوە، من خۆشم بەر لە ریفراندۆم زنجیرە وتارێكم دەربارەی ریفراندۆم نووسی، چەندین رۆنامەنەو كەنالی بێگانە چاوپیكەوتنییان لەگەلدا كردم، من دڵنیا بووم لەوەی كاتی ریفراندۆم نییە، چونكە هاوسەنگی هێزی هەرێمی و ناوچەیی گۆڕابوو!
كەس نییە حەز بەوە نەكات، وڵات و نیشتمانەكەی ئازادبێت، كەس نییە نەیەوێت، لەژێر ئاڵای وڵاتیكی سەربەخۆدا ژیان بەسەر بەرێت، بەڵام ژیانێكی راستەقینە، نەك ئەو وەهمانەی جۆرێك لە ژیان بەرهەم دێنن، كەدرێژەپێدانی كۆیلایەتییە و قۆناغێكی پێشكەوتووترە، لەقۆناغی بندەستی و داگیركاری راستەوخۆ.
كورد سەد ساڵە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی قوربانی دەدات، كەچی وای لێكرا ئێستاوە هاوار بۆ بندەستی دەكات، چاوەڕوانە هێزێك، هەر هیزێك بێت لەو ئازادییە تژی كۆیلاتییەی رزگار بكات، چونكە ئەوەی دوای راپەڕین بەرهەم هات، ئازادی نەبوو، بگرە قۆناغێكی زۆر ترسناكتربوو لە قۆناغی بەعس و حكومەتەكانی پێش بەعس بۆ وێرانكردنی كوردستان ریسواكردنی مرۆڤی كورد.
وەك زۆرجار نووسیومە، راپەڕین هیچ پەیوەندییەكی بەو بانگەشە فریودەرانەوە نەبوو، كە وەك دەستكەوتەكانی پێشمەرگەو گەلی كوردو خوێنی شەهیدان پێناسەیان دەكات، لەراستیدا شەهیدەكان لەو قۆناغەدا ئەو مرۆڤە دڵسۆزو لەخۆبووردوانەبوون، كە بەهۆی دڵسۆزییانەوە لەلایەن كۆمەڵیك بازرگان و بەكڕگیراوی شەڕەوە پاكتاو كران و لەناوبران، لەماوەی نزیكەی سەد ساڵ لە مێژووی هاوچەرخی كورد، هەزاران رۆڵە لەپێناو گەمەیەكی قێزەوندا لەژێر ناونیشان و دروشمی جیاوادا كرایە قوربانی ، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە خودی ئەوەی پێی دەگوترێت بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردی، لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەكی تری پاكتاوكردنی كورد بووە، بەشێك بووە لەو پلانە گەورەی دژی كورد وەكو نەتەوەیەك و كوردستان وەكو جوگرافیایەك بەڕێوەچووە، بێنە بەرچاوت، ئەوەی لەسەردەمی بەعس بەسەر كورد و كوردستان هێنرا، چی لەوە زیاتر بوو، كە لەژێر سایەی بەناو حكومەتی كوردیدا دژی كورد ئەنجام درا، ئێمە هەمیشە سەیری دیوەكەی بەرامبەر دەكەین و هەرگیز چاوێك بەخۆمان داناخشێنینەوە! هەمیشە باسی ئەنفال و كیمیاباران و .... هتد دەكەین، كە هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانەیان تیا كرایە قوربانی، بەڵام هەرگیز سەیری ئەو دیوەمان نەكردووە، بۆیە ئەگەر نیونیگایەك بە ئاڕاستەكەی تردا وەربگێڕێن، دەبینین، كە لەدیوەكەی تردا، كێ بوون ئەوانەی رێگەیان بۆ ئەو تاوانانەی بەعس خۆش دەكرد و بیانوویان دەدایە دەست، كە خۆی لە بیانوو دەگەڕا بۆئەوەی كوردستان سووتماك بكات، هەرگیز پرسیاری ئەوەمان نەكردووە، چۆن دەبێت كەسێكی شۆڕشگێڕو نیشتمان پەروەر پێش سووپای وڵاتێكی تر بكەوێت و چاوساغی بۆ بكات، تا لە ئەنجامدا كوردستان بكەوێتە نێو بەرداشی دوو دوژمنی تینوو بەخوێنی كورد! جارێك لە خۆمان نەپرسیوە، ئایا جیاوای نێوان قۆناغی بەعس و دوای بەعس بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییە راستەقینەكانی كورد چییە!
ئەگەر بەراوردێك لە نێوان ئەو تاوانانەی لەسەردەمی بەعس و قۆناغە دوای بەعس بكەین، بەوردی بۆمان دەردەكەوێت، كە قۆناغی دوای بەعس درێكراوەی هەمان قۆناغی بەعس بووە، بەڵام لەم قۆناغە نوێیەدابەعس بەجلێكی كوردییەوە، لە پەنای راپەڕین و شەڕی ناوەخۆو شەڕی داعش و ... و هتد، چەند بەقەد ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبحەو ناوچەكانی تری كوردستان مرۆڤی كورد لەناوبراوەو كراوەتە قوربانی! كەواتە قۆناغی بەعس و دوای بەعس هەمان زنجیرەیە و بەتوندی بەیەكەوە بەستراوەتەوە، لە هەردوو قۆناغیشدا پلانێكی گەورە بەرامبەر كوردو خاكی كوردستان بەڕێوەچووە، هەوڵدراوە كورد زیندە بەچاڵ بكرێت و بسڕیتەوەو دیمۆگرافیای كوردستان بگۆڕدرێت، كە هەزاران ساڵە توانیویەتی خۆی بپاریزێت!
ئەو گۆڕانكارییەی لەسەردەمی دەسەڵاتی كوردیدا لە باشووری كوردستان بەڕیوەچوو، وەك رۆشنبیرە عەرەب و تەعریبچییەكان خۆیان راشكاوانە باسی دەكەن، لەوەتەی حكومەتی ئێراق دامەزراوە، هیچ حكومەتێك لەو حكومەتانە، بە حكومەتی بەعسیشەوە ئاوا بەسەر كەوتوویی تەعریبی هەریمی كوردستانی نەكردووە! لێرەدا پرسیارێكی تر سەرهەڵدەدات، باشە ئەگەر جیاوازییەك لەنیوان قۆناغی بەعس و دوای بەعس هەبووبێت، چۆن سەركردە بەعسییەكان، ئەوانەی ئەنفالی كوردیان كردو وەك هاوەڵانی تاوانبار عەلی حەسەن مەجید، كە بەر لەبردنی بۆ بەردەم پەتی سێدارە گوتی:" ئەگەر بگەڕێمەوە خراپتر بەسەر كوردەكان دەهینم!"یاخود وەك تاوانبار سوڵتان هاشم، كە دەستی بەخوینی كوردو سوور بوو، سەركردایەتی پڕۆسەی ئەنفالی دەكرد، چۆن دەبێت بەناو سەرۆكیكی كورد، هەوڵی بۆ بدات و وەك دەڵین واستەی بۆ بكات بۆئەوەی رزگاری بكات؟ ئەمە ئەو راسییە تاڵە بوو راستەوخۆ بابەكر زێباری، لەسەر كەنالی تەلەفزیۆندا دركاندی!
چۆن دەكرێت دەست لەناو دەستی ئەو دوژمنە بنێیت، كە میللەتەكەتی ئەنفال كردبێت، ئەگەر یەك دەماری نیشتمان پەروەری، تەنانەت مرۆڤبوونت لە جەستەدا هەبێت و یەك دڵۆپ خوینی پاك لە جەستەدا بسوڕێت! چۆن دەكرێت تەنیا لەماوەی سێ سالدا ئەو هەموو تاوانەی بەعس لە یاد بكرێت و لەبیر خەڵك ببرێتەوە، ئەگەر دەسەلاتێكی نیشتمانی بوونی هەبووبێت!
