شارپرێس:
لەپێشھاتێکی فەرمیو بەپەلەدا بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی کارەساتی گیانلەدەستدانی خوێندکاران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەفەرمی فەرمانی بەپەلەی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سنورەکە کرد، تاوەکو بەدواداچونی دەستبەجێ بۆ لایەنی ئەمنیو سەلامەتیی (سەیفتی) بینای باخچەو قوتابخانەو خوێندنگا حکومییەکان بکەن.
ئەم بڕیارە لەڕێگەی نوسراوێکی فەرمیی بەشی بیناسازیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بەژمارە 19068 لە25ی ئەیلولی 2026 دەرچوە کە واژۆی نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە؛ نوسراوەکە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی ناوچە جیاوازەکانی سنورەکە کراوە، لەوانە (ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، سەیدسادق، شارەزور، قەرەداغ، پێنجوێن، چەمچەماڵ، شارباژێڕ، دوکانو دەربەندیخان).
لەنوسراوە فەرمییەکەدا هاتوە، ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ دوای ئەو کارەساتە دڵتەزێنە دێت کە بوە هۆی مەرگی خوێندکاری ئازیز (یارا ئاریان) لەیەکێک لەقوتابخانە ناحكومیهكانى سنوری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی.
پەروەردەی گشتی بەپەلە داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەروبەر دەکات کە لیژنەکانیان بنێرن بۆ ناوەندەکانی خوێندن (باخچەی ساوایان، قوتابخانەو خوێندنگهکان) بەمەبەستی بەدواداچون بۆ دۆخی سهلامهتى (سەیفتی) بیناکانیان، تاوەکو دڵنیایی تەواو بدرێت لەسەرپێچینەکردنی مەرجەکانی سەلامەتیو ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لەهەر مەترسییەک.
ئەم جوڵە فەرمییەی وەزارەتو پەروەردەی سلێمانی، وەک هەنگاوێکی خێرا تەماشا دەکرێت بۆ پاراستنی گیانی خوێندکاران لەناو هۆڵو حەوشەی قوتابخانەکاندا، پاش ئەو شەپۆلە نیگەرانییەی کە لەناو ڕای گشتییو ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا دوای گیانلەدەستدانی خوێندکارەکە دروستبوو.
