ئێران دواى داخستنى دەریاو ئاسمانه‌كان به‌ڕویدا چەندە بەرگە دەگرێت؟

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2046 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەدان ترێلە لەسەر ڕێگه‌ شاخاوییەکەی بەرەو دەروازەی گوربولاکی تورکیا، لەچاوەڕوانی چونە ناو ئێراندا وەستێنراون، ئەم دەروازەیە کە لەڕۆژانی ئاساییدا یەکێکە لەگرنگترین‌و پڕهاتوچۆترین ڕێگه‌ بازرگانییەکانی نێوان تورکیاو ئێرانە، ئێستا بەهۆی فشار لەسەر بەندەرەکانى باشوری ئێران لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکا‌و هەروەها کەمبونەوەی گواستنەوەی ئاسمانی، بوەتە یەکێک لەڕێگه‌ سەرەکییەکانی گواستنەوى کاڵا بۆ ناو ئێران.


ڕیزی ترێلەرەکان بۆ چەندین کیلۆمەتر درێژبوەتەوەو شۆفێرەکان کە بارەکانیان دەبێت بگەنە کارگەو بازاڕەکانی ئێران، ناچارن چەندین ڕۆژ لەپشت سنورەکەدا بمێننەوە.

محه‌مه‌د ڕەزا شیری شۆفێرێکی تەمەن 55 ساڵە کە بارێکی تایە بۆ ئێران دەبات، بەئەسۆشەیتدپرێسی ڕاگەیاندوە، دوای 15 ساڵ هاتوچۆکردن لەم دەروازەیەدا، هەرگیز چاوەڕوانییەکی لەمجۆرەی نەدیوە.

ئەو دەڵێت، "چوار ڕۆژە لەڕیزەکەدا ماوەتەوەو درێژی ڕیزەکە گەیشتوەتە نزیکەی حەوت کیلۆمەتر".

به‌گوێره‌ى وتەکانی شیری، پێشتر کاتی چاوەڕوانی لەم سنورەدا زۆرترین تا سێ ڕۆژ بوو، بەڵام ئێستا ئەم ماوەیە لەپێنج ڕۆژ تێپەڕیوە، داتاکانی ئەنجومەنی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی تورکیاش نیشانیدەدەن کە کاتی چاوەڕوانیی ترێلەکان لەگوربولاک، لەسەرەتای شەڕەکەوە، زیاتر لەچوار هێندە زیادبوە.

زیادبونی فشار لەسەر ئەم دەروازەیە، لەئەنجامی هەوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ گواستنەوەی بەشێک لەبازرگانیی خۆی لەڕێگه‌ی دەریاوە بۆ ڕێگه‌ی وشکانی.

مەسعود پزیشکیان داوای خێراکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لەڕێگەى وشکانىیەوە کردوە، چونکە سنورداربونی کارکردنی بەندەرەکان بوەتە هۆی کەمبونەوەی هاتنی بەشێکی زۆر لەکاڵاکان، لەهەمانکاتدا هەناردەکردنی نەوت‌و گاز کە یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی حکومەتی ئێران، لەژێر فشاردا ماوەتەوە.

پێش دەستپێکردنی ململانێ سەربازییەکان، زیاتر لە 80٪ی بازرگانیی ئێران پشتى بەڕێگه‌کانی کەنداو دەبەست، بۆیە گواستنەوەی ئەم قەبارە زۆرەی کاڵا بۆسەر ڕێگه‌ وشکانییەکان، لەماوەیەکی کورتدا، فشارێکی زۆری خستوەتەسەر بنکەو دەروازە سنورییەکان‌و توانایان لەئاستی ئاسایی خۆی تێپەڕاندوە.

لەئێستادا، سنورەکانی تورکیا لەڕۆژئاواو پاکستان لەڕۆژهەڵاتی ئێران، گرنگییەکی زیاتر بۆ پەیوەندیکردنی ئێران بەبازاڕەکانی ئەوروپاو ئاسیا بەخۆوە دەبینێت.

بەشێک لەبارەکان پێکهاتون لەکەرەستەى خاو، پارچەو کەرەستەی پێویست بۆ پیشەسازیی پترۆکیمیایی‌و کارگەکان؛ بەتایبەتی ئەو دامەزراوانەی کە لەهێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلدا زیانیان پێگەیشتوە، بەڵام توانای سنورداری دەروازەکان، ڕێکارە یاساییەکان، پشکنینە ئەمنییەکان‌و کێشەکانی گەندەڵیی ئیداریی، وایانکردوە گواستنەوەی وشکانی هێواشترو گرانتربێت، لەبەرئەمەش، ڕێگه‌ وشکانییەکان، سەرەڕای گرنگییە نوێکەیان، ناتوانن بەتەواوی شوێنی بازرگانیی دەریایی‌و ئاسمانیى بگرنەوە.