شارپرێس:
بەکارهێنانی زۆری مۆبایل، تابلێتو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەلایەن منداڵان تەنها بەماندوبونی چاویان کۆتایی نایەت، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچونی خەو، کەمبونەوەی جوڵە، زیادبونی کێش، کەمبونەوەی سەرنجو گۆڕانی دۆخی دەرونی.
کاریگەریی شاشەکان تەنها بەژمارەی کاتەکان پەیوەست نییە، بەڵکو جۆری ناوەڕۆک، کاتی بەکارهێنانو ئەو چالاکییانەیە کە منداڵ لەبەر شاشە لێیان بێبەشدەبێت.
ئەکادیمیای ئەمریکی پزیشکیی منداڵان لەسیاسەتی نوێکراوەی ساڵی 2026دا جەخت لەوەدەکاتەوە، نابێت تەنها کاتی شاشە هەژماربکرێت، بەڵکو جۆری ناوەڕۆک، شێوازی دیزاینی پلاتفۆرمەکانو کاریگەرییان لەسەر خەو، یاریی، خوێندن، جوڵەو پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی منداڵیش لەبەرچاو بگیرێت.
پسپۆڕانی پزیشکیی منداڵان ئاماژە بەوەدەکەن، لەنیشانەکانی بەکارهێنانی زۆری شاشەدا توڕەبون، بیرکردنەوەی بەردەوام لەیارییە ئەلیکترۆنییەکان، کەمبونەوەی حەز بۆ یاریی ئاسایی، لاوازیی سەرنجو بیرەوەری، دابەزینی ئاستی خوێندنو کەمبونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەن، هەروەها سەرئێشەو سوربونەوەی چاو دەتوانێت لەنیشانەکانی بەکارهێنانی زۆربێت.
بەکارهێنانی ئامێرەکان پێشخەوتن دەتوانێت کاتی خەوتن دوابخاتو هەستانەوەی بەیانیی قورس بکات، هەروەک کەمکردنەوەی کاتی یارییو جوڵە دەتوانێت مەترسیی زیادبونی کێشو چەوریی زۆر زیادبکات، بۆیە پێشنیا دەکرێت منداڵان لانیکەم یهك کاتژمێر پێش خەوتن، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بەکارنەهێنن.
بهگوێرهى ڕێنمایییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، منداڵانی خوار یهك ساڵ نابێت بخرێنە بەر شاشەو بۆ منداڵانی تەمەنەکانی دوو تا چوارساڵ کاتی شاشە نابێت لەیهك کاتژمێر لەڕۆژێکدا زیاتربێت؛ کەمکردنەوەی ئەمکاتە باشترە.
لەهەمانکاتدا، جۆری بەکارهێنان گرنگە؛ ناوەڕۆکی گونجاو بۆ تەمەنو بەشداریی دایکو باوک لەکاتی سەیرکردندا دەتوانێت کاریگەرییەکانی شاشە کەمتر بکات.
لەحاڵەتێکدا کە بەکارهێنانی یارییو شاشە ببێتە هۆی تێکچونی خوێندن، پەیوەندییە خێزانییو کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکییە ڕۆژانەکان، پێویستە خێزانەکە لەپزیشک یان پسپۆڕی دەرونیی منداڵان ڕاوێژ وەربگرێت.
پسپۆڕان جەختدەکەنەوە، چارەسەری سەرەتایی لەماڵەوە دەستپێدەکات، بەدانانی سنور بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکان، هاندانی منداڵ بۆ وەرزش، یاریی ئازاد، خوێندنو بەشداریی لەکارەکانی ماڵ، هەروەک پێویستە دایکو باوک خۆشیان ببنە نمونەیەک بۆ بەکارهێنانی هاوسەنگی شاشە.
