شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق پاش کۆتاییهاتنی سەردانە دیپلۆماسییە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکاو پێشکەشکردنی وتارەکەی لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەمڕۆ شەممە بەفەرمی گەیشتەوە شاری بەغدای پایتەخت، هاوکات نوسینگەکەی ڕایگەیاند، بەغدا لەسەر هێڵی گفتوگۆی چڕدایە لەگەڵ واشنتۆن تا بەشێک لەفڕۆکەخانەکان لەسزاکانی سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران ببەخشرێن.
لەکاتێکدا کەرتی فڕۆکەوانیی عێراق بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە گەشتەکانی ئێرانی ڕاگرتوە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەفەرمی ئاشکرایکردوه، لەئێستادا لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا لەناو گفتوگۆیەکی چڕدان؛ ئامانجی گفتوگۆکانیش گەیشتنە بەڕێککەوتنێک تاوەکو ڕێگە بەهەندێک لەفڕۆکەخانە عێراقییەکان بدرێت گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەستپێبکەنەوەو خزمەتگوزارییان پێشکەشبکەن.
عهلى زهیدیى سەرۆک وەزیرانی عێراق لەماوەی بەشداریکردنی لەکارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا، زیاتر لە 25 دیداری دیپلۆماسیو ئابوریی قورسی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان ئەنجامداوه، دیارترینو گرنگترینیان کۆبونەوەی دوقۆڵی بوه لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاو بەشداریکردن لەلوتکەی سەرکردەکانی ناوچەکە.
زەیدیی لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا چەندین دیداری جیاوازی دیكهى لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران، تورکیا، سوریا، شای ئوردنو جێنشینی وڵاتی کوەیت ڕێکخستو دوێنێ هەینیش وتاری فەرمیی عێراقی لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیی خوێندەوە؛ پاش تەواوبونی ئەم کارنامە فراوانەش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەکەی لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە.