شارپرێس:
بهگوێرهى زانیاریی سەرچاوەو شیکەرەوە سیاسییەکان، وادە
نوێیەکەی کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی چەک دیاریکراوە، زیاتر وەک هەوڵێک دەردەکەوێت
بۆ کڕینی کات نەک خشتەیەکی زەمهنى کۆتایی بۆ ڕادەستکردنی جبەخانەی گروپه چەکدارەکان؛
چونکە لەبەغدا پێناسەیەکی جیاواز بۆ چەک هەیە کە لەنێوان (ڕێکخستن، كۆنترۆڵكردنو
تواندنەوەی لەناو حەشد)دا دەسوڕێتەوە، بەڵام لەواشنتۆن وشەی جیاواز دوبارە دەبنەوە
کە بریتین لەهەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانو تێکەڵکردنی چەک لەگەڵ سوپای فەرمیدا.
لەنێوان ئەم دوو دەستەواژەیەشدا، کەلێنێکی گەورە هەیە کە
نە گفتوگۆکانی عێراق-ئەمریکاو نە پهیوەندییەکان لەگەڵ گروپهكاندا، تائێستا نەیانتوانیوە
پڕی بکەنەوە؛ بەجۆرێک گروپهكان خۆیان وەک بڵێی لەسەر ڕێڕوێکی سێیەم دەژین کە تەواو
دورە لەو مۆڵەتەی کە پێشبینیدەکرێت لەتەمموزی 2027دا کۆتایی بێت.
تەنانەت تا سەرەتای ئەم هەفتەیەش، گروپە چەکدارەکان ڕادەستکردنی
چەکەکانیان ڕەتدەکردەوەو مەرجی قورسیان دادەنا بەرامبەر بەهەر هەنگاوێک لەم ئاڕاستەیەدا،
بەبێئەوەی بەڕونی ئامادەیی خۆیان پێشانبدەن بۆ دەستبەرداربون لەو جبەخانەیەی کە پێشبینیدەکرێت
موشەکی بالیستیو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر لەخۆبگرێت.
لەناوەڕاستی ئەم دۆخەشدا، عەبدولقادر کەربەلایی جێگری سەربازیی
ئهمیندارى بزوتنەوەی نوجەبا هێرشی توندیکردەسەر سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپو نێردەی
تایبەت تۆم باراک بەهۆی هەڵوێستەکانیان لەسەر چەک؛ کەربەلایی کە گروپەکەی ناوی
(موقاوەمەی ئیسلامی لەعێراق)ی لەخۆی ناوە، لەبڵاوکراوەیەکدا نوسیویەتی،
"موقاوەمە دەمێنێتەوە، حەشدیش دەمێنێتەوە، سەرهڕای ئیرادەی ترەمپی تاوانبارو
باراکی زایۆنی".
زانیارییەکانی دیكهش دەڵێن، پاشەکشێ ناکەنو وەک پارێزەری
سەروەری دەمێننەوە، ئەم وشانەش بەسبون بۆ ئەوەی بەغدا بەئاگا بهێننەوە کە ئەو وادەیەی
لەسەر مێزی گفتوگۆکان باسی لێوە دەکرێت، مانای ئەوەنییە گروپهكان بەناچاری ڕەزامەندن
لەسەری.
چۆن وادە نوێیەکە بەکتوپڕی دەرکەوت؟
ئەو پارادۆکسو لایەنە سەرنجڕاکێشەی کە سەرچاوە ئاگادارەکان
ئاشکرایدەکەن ئەوەیە، بەغدا لەماوەیەکی کورتدا وادەیەکی نوێی بۆ كۆنترۆڵكردنى چەک ڕاگەیاندوه،
لەکاتێکدا گفتوگۆکان لەگەڵ گروپهكان بەچەسپاندنی ڕێککەوتنێکی کۆتایی نەگەیشتبون،
پێشتریش وا بڵاوکرابوەوە کە پهیوەندییەکان لەگەڵ گروپهكان بۆ ماوەی 40 ڕۆژ بەردەوامبوە،
بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، ئەم ماوەیە ڕێڕهوێکی گفتوگۆی یەکبڕ نەبوە؛ چونکە کۆبونەوەکان
ناوبەناو پەککەوتونو وتوێژکارەکان گۆڕدراون، لەکۆتاییشدا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی
لەسەر چەک بەرهەم نەهاتوە، بۆیە سەرچاوەکان زیاتر مەیلیان بەرەو ئەوەیە ئەم هەنگاوە
وەک "کڕینی کات" پێناسە بکەن نەک مۆڵەتێکی ڕاستەقینە؛ چونکە چەند کاتژمێرێک
پێش ڕاگەیاندنی پلانە نوێیەکەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران کە تێیدا باسی لەوەستاندنی
90 ڕۆژی هێرشەکانی نێوان گروپهكانو ئەمریکا کردبوو، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا
پرسیار خرابوەڕوو.
ههر لهكۆبونهوهكاندا باسى كۆنترۆڵكردنى چەک كراوه
كه ئاخۆ پێویستی بەچەند کات هەیە؟ لەوەڵامدا وترابوو "ڕەنگە ههشت مانگ بەس
بێت"، دواتریش مۆڵەتە نوێیەکە چەند کاتژمێرێک پێش فڕینی فڕۆکەکەی زەیدی بەرەو
نیویۆرک دزەی پێکرا، کاتەکە وردەکارییەکی بچوک نەبوو؛ چونکە ڕاگەیاندنەکە ڕێک لەو
چرکەساتەدا هات کە سەرۆک وەزیران ئامادەکاریی بۆ دیدارە نێودەوڵەتییەکان دەکرد، لەکاتێکدا
واشنتۆن گوشاری دەکرد بۆ کۆتاییهێنانی مەلەفی چەکو عێراقیش دەترسا مۆڵەتی پێشوو کە
بڕیاربوو لە 30ی ئەیلول کۆتایی بێت، ببێتە خاڵی پێکدادان، بۆیە بۆ سەرچاوەکان، وادە
نوێیەکە تەنها هەوڵێک بوو بۆ دورکەوتنەوە لەسزاکانی ئەمریکا یان کڕینی کات بۆ چاوەڕوانیکردنی
ڕێککەوتنی نێوان واشنتۆنو تاران.
واشنتۆن بەزمانی بەغدا قسە ناکات
ئیحسان شەمەری پرۆفیسۆری سیاسەتە ستراتیژییو نێودەوڵەتییەکان
لەزانکۆی بەغدا پێیوایە، سەرکەوتنی پلانهكهى زەیدیی لەقایلکردنی ئیدارەی ترەمپ بەدرێژکردنەوەی
مۆڵەتەکە مسۆگەرنییە.
ئەو ڕونیدەکاتەوە، ئەمریکا ڕەنگە سەیری درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە
بکات وەک دەستکەوتێک بۆ ئێران لەسایەی بەردەوامیی ململانێی واشنتۆن-تاران، هەروەها
واشنتۆن، بهگوێرهى وتەی شەمەری، ڕەنگە درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە وەک لاوازکردنی
پلانی خۆی لەناو عێراقدا ببینێت، جیالەوەی پێدانی نۆ مانگی زیادە بەحکومەت دەکرێت
ببێتە هۆی دروستبونی گوشاری سیاسیی لەسەر خودی زەیدیی.
ئهوهشى وتوه، "قبوڵکردنی درێژکردنەوەکە دەکرێت ڕەنگدانەوەی
بەسەر حزبوڵڵا لەلوبنانیشدا هەبێت، بۆیە ئەمریکا سەیری پلانەکە دەکات وەک دۆسیەیەکی
پێکەوەبەستراو نەک مەلەفێکی عێراقیی جیاکراوە".
لەگەڵ ئەوەشدا، پێیوایە واشنتۆن ڕەنگە لەکۆتاییدا ڕێوشوێنێک
قبوڵبکات کە بەكۆنترۆڵكردنى چەک لەدەستی دەوڵەتدا لەکۆتایی ساڵی داهاتودا کۆتایی بێت،
بەڵام کێشەکە تەنها مێژوەکە نییە، بەڵکو کێشەکە لەپێناسەی ئەوکارەدایە کە ئەنجامدەدرێت؛
چونکە ئەمریکا هێشتا جەخت لەسەر بنەمای "هەڵوەشاندنەوەی چەک" دەکاتەوە،
لەکاتێکدا عێراقو بەتایبەت زەیدیی، خاوەنی پلانێکن کە لەسەر بنەمای "ڕێکخستنی"
چەک بونیادنراوە، ئەمەش بەردەوامیی دورکەوتنەوەی نێوان ئیدارەی ترەمپو حکومەتی زەیدیی
ئاشکرادەکات.
سێ پێناسە بۆ یەک چەک
لەیەکەم دیداری گرنگدا کە زەیدیی لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکیدا
کۆکردەوە، کە بهگوێرهى شیکەرەوەکان وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕۆبێریۆ بوه، دەستەواژەیەکی
تەواو جیاواز لەوەی بەغدا بەکاریدەهێنێت خراوهتهڕوو،؛ گفتوگۆکە لەسەر "هەڵوەشاندنەوەی
میلیشیاکان" بوو، پاشان تۆم باراک ڕایگەیاند، تێکەڵکردنی چەکی گروپهكان لەگەڵ
سوپادا هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام بەغدا ئەم زمانەی بەکارنەهێناوە؛ ئەو باس لە"كۆنترۆڵكردنى
چەک"و "تواندنەوەی" گروپهكان لەناو حەشدی شەعبیدا دەکات.
لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیشدا، دەستەواژەی سێیەم دەرکەوت
کە ئەویش "ڕێکخستنی چەک" بوو، بهگوێرهى ئەوەی لەسەرچاوەکانی ناو هاوپەیمانێتیی
شیعەوە دزهیكردوه، ڕەنگە داڕشتنەکە لەداهاتودا بگۆڕێت بۆ "ڕێکخستنی چەک لەگەڵ
دەوڵەتدا"، نەک بەناچاری "چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدابێت"؛ گروپهکانیش
نەیانوتوە دەستبەرداری چەک دەبنو تەنانەت بیرۆکەی دانانی چەکەکان لەکۆگاکانی سەر
بەحەشدیش هێشتا یەکلانەکراوەتەوە بەهۆی نەبونی متمانەی هەندێک گروپه بەکۆگاکانی
حکومەت یان بەوەزارەتەکانی بەرگرییو ناوخۆ.
زەیدیی خشتەكهى بردوەتە ئهمریكا
زولفەقار حوسێن توێژەرو سیاسەتمەدار پێیوایە، گەشتەکەی زەیدیی
بۆ نیویۆرکو بەشداربونی لەدانیشتنەکانی نەتەوەیەکگرتوەکانو دیدارەکانی پەراوێزی
کۆبونەوەکە، چانسێکی پێدەبەخشێت بۆ خستنەڕوی دیدگای حکومەتەکەی لەبەردەم ئیدارەی ئەمریکادا،
حوسێن دەڵێت، "زەیدیی چەندین مەلەفی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە کە لەپێشەنگیاندا بەڕێوەبردنی
قەیرانی چەکو قەیرانی گشتیی ناوچەکەیە".
بهگوێرهى دیدگای ئەو، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێکهاتەی چەک
پێویستی بەکات هەیە، چونکە ئەو بەڵێنو ڕێککەوتنانەی حکومەت لەسەرەتای کارەکەیدا لەگەڵ
ئەمریکاو دەوڵەتانی دیكهدا واژۆیکردون، کاتی دەوێت بۆ جێبەجێکردن.
ئەو پێیوایە، 100 یان 120 ڕۆژ لەتەمەنی حکومەت بەس نییە
بۆ چارەسەری مەلەفێکی لهمشێوه ههستیاره، بۆیە زەیدیی خشتەیەکی نوێ بۆ كۆنترۆڵكردنى
چەک دەخاتەڕوو، بەڵام پلانەکە تەنها بەچەکەوە بەستراو نییە؛ حکومەت دەتوانێت خشتە
نوێیەکە ببەستێتەوە بەو پاکێجە ئابورییەی کە لەگەڵ ئەمریکاو دەوڵەتانی دیكهدا واژۆیکردوە،
لەسەر بنەمای ئەو بیرۆکەیەی کە ئابورییو ئاسایش پێکەوەبەستراونو هاتنی کۆمپانیاو
وەبەرهێنان پێویستی بەژینگەیەکی ئەمنیی سەقامگیر هەیە؛ بۆیە پێشبینیدەکات پلانەکە
قبوڵکردنی ئەمریکیو نێودەوڵەتیی بۆ دروستبێت، ئەگەرچی بە"ئارامییەکی زۆر بەرزیشەوە"
نەبێتو ترەمپیش ڕەنگە ماوەیەکی نوێ بداتە حکومەت کە لانیکەم تا شەش مانگی دیكه تێپەڕ
نەکات.
مۆڵەتێکی بێ گرەنتی
لەناوەڕاستی هەموو ئەمانەشدا، کێشەکە بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە،
کە هەمان ئەو کێشەیەیە وایکرد مۆڵەتی پێشوی 30ی ئەیلول پەکیبکەوێت؛ کاتێک وابڕیاربوو
عێراق بگاتە قۆناغێکی نوێ لەكۆنترۆڵكردنى چەکدا، بەڵام وادەکە لەژێر گوشاری سیاسییو
ئەمنیو لەگەڵ باسی کاریگەریی ئێران بەسەر گروپهکانەوە پاشەکشێی کرد، ئێستاش لەگەڵ
وادە نوێیەکەدا، پرسیارەکە سەرلەنوێ خۆی دەسەپێنێتەوە: کێ گرەنتیی جێبەجێکردن دەکات؟
بۆ ئهوهش ئیحسان شەمەری هیچ گرەنتییەکی پێویست نابینێتو دەڵێت، "ئهمریكا
هێشتا گومانی لەتوانای حکومەت هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، تەنانەت ئەگەر سەرۆک
وەزیران خۆی گرەنتیی ڕاستەوخۆش پێشکەشبکات؛ چونکە گروپهكان دەتوانن ئەو گرەنتییانە
بشکێنن".
بهبڕواى ئهو، کێشەیەکی دیكه هەیە کە زیاتر ئاڵۆزە، ئەویش
ئەوەیە هەندێک گروپ ڕەنگە ڕێکخستنی چەک لەناو دەستەی حەشدی شەعبیدا قبوڵبکەن، بەڵام
خاوەنی هەڵوێستێکی جیاواز دەبن ئەگەر جەنگێکی نوێ لەنێوان ئێرانو ئەمریکادا سەرهەڵبداتەوە
کە ئەوکاتە چەکەکان دوبارە دەگەڕێنەوە بۆ مەیدانەکە؛ بۆیە لەکۆتاییدا قبوڵکردنی
"ڕێکخستن" بۆ چەک تەنها هۆکارێکە بۆ چاوەڕوانیکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمریکا-ئێرانو
هاوکات بۆ دورکهوتنهوه لەپێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان گروپهكانو ئەمریکا.
