جێگری سەرۆکی پەرلەمان هۆشداریدەدات لەڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەدنان فەیحان دلێمی جێگری یەکەمی سەرۆکی په‌رله‌مانى عێراق، ڕەخنەی لەپابەندبونی حکومەتی عێراق بەڕێوشوێنەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا گرت کە بەهۆیەوە هاتوچۆی فڕۆکەی مەدەنیی لەگەڵ ئێران قەدەغەکراوە.


دلێمی لەبەیاننامەیەکدا بڕیاری بەغداى بە"پەلەو بێ ‌لێکدانەوە" وەسفکردوەو وتویەتی، ئەم هەنگاوە لەگەڵ بنەمای دورخستنەوە لەکێشەکان‌و بێلایەنی ناگونجێت‌و لەگەڵ دەستوری عێراقیش ناکۆکە، بەتایبەتی مادەی 8ی دەستور.

ڕونیکردوه‌تەوە، سزا یەکلایەنەکانی ئەمریکا پابەندییەکی نێودەوڵەتیی بۆ عێراق دروستناکات‌و دەبێت بڕیارەکە پشتبەستنی یاسایی عێراقی یان پابەندییەکی نێودەوڵەتیی کاریگەر هەبێت.

دلێمی هۆشداریشیداوە، قەدەغەکردنی فڕۆکەوانیی زیان بەگەشەپێدانی ئابوریی‌و گەشتیاریی ئایینى دەگەیەنێت‌و داهاتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی، ئاژانسی گەشتوگوزارو فڕۆکەخانەکان کەمدەکاتەوە.

هەروەها هۆشداریداوە کە ئەگەر ئێران هەمان هەنگاو وەربگرێت‌و گازی سروشتیی بۆ عێراق بوەستێنێت، سیستەمی کارەبا توشی قەیران دەبێت‌و نزیکەی 30% تا 40% توانای کارکردنی تۆڕی نیشتیمانیی لەدەستدەچێت.

دلێمی ڕاشیگەیاندوە، په‌رله‌مان ئامادەیە لەئەگەری وەستاندنی بڕیارەکەدا دانیشتنێکی نائاسایی بەڕێوەببات‌و هەنگاوی چاودێریی لەدژی لایەنە پێچەوانەکانی دەستور وەربگرێت.