هاوسەرۆكی دەم پارتی: ئێمە توركیا دیموكراتیزە دەكەین

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 257 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی لە دووەمین كۆنگرەی ئاسایی پارتەكەی لەشاری ئەرزڕۆم ڕایگەیاند، "لە كاتێكدا كە سیاسەت سەرلەنوێ بونیات دەنرێتەوە، لە كاتێكدا پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك بونیات دەنێین، هەر كۆنگرەیەك كە ئەنجامی دەدەین لە هەمان كاتدا هەنگاوێكی سیاسییە."

تولای حاتەم ئۆغوللاری لە قسەكانیدا باسی لەوەكرد، "گەلی كورد تا ئێستا ڕووبەڕووی تێكۆشانی مان و نەمان دەبووەوە. بەڵام ئیدی جیهان بوونی شكۆداری گەلی كوردی بینیوە. گەلی كورد خۆی لە جیهاندا سەلماندووە و نیشان داوە. بە تێكۆشانی خۆی، بە ڕوانگەی خۆی، بە هەڵوێستی ڕێكخراوەیی خۆی لە سوریا، عێراق، ئێران و توركیا بوونی خۆی لە جیهاندا سەلماندووە. بەڕێز ئۆجالان دەڵێت، دەبێت دەرفەتەكان بگوازرێنەوە بۆ ئاستێكی نوێ."

هەروەها هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕونیكردەوە "ئەم وڵاتە پێویستی بە ئیدارەیەكی دیموكراتیك هەیە. وەك دەم پارتی ئێمە بەربژێرین بۆ ئەوەی توركیا بە شێوەیەكی دیموكراتیك بەڕێوە ببەین. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەكەدا پەرە بە دەرفەتەكان بۆ دیموكراتیزەكردنی توركیا دەدەين  ئێمە وەك كورد، عەلەوی و ژنان بۆ بەڕێوەبەریی دیموكراتیك ئامادەین."