لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە تا ئەمڕۆ، حیزبی سیاسی وەک بڕبڕەی پشتی دەوڵەتداری و کڵپەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بووە . حیزب لە سەرەتاوە وەک کۆمەڵێک مرۆڤ کە خاوەنی ئایدیا و دیدگای هاوبەش بوون بۆ بەڕێوەبردنی گشتی دەستی پێکرد، بەڵام ئەمڕۆ لە قەیرانێکی قوڵی مێژووییدایە.
پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە حیزب بەرەو کوێ دەڕوات، بەڵکو ئەوەیە: لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرد (AI) و ئەلگۆریتمەکاندا(ئەلگۆریتم: کۆمەڵێک ڕێگا و هەنگاوی ڕێکخراو کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک یان ئەنجامدانی کارێک بە شێوەیەکی دیاریکراو بەکاردێت) حیزب هێشتا وەک پێکهاتەیەکی پێویست دەمێنێتەوە؟
مێژووی حیزب مێژووی گۆڕانی وەزیفەکانە. لە حیزبی کادرەوە بۆ حیزبی جەماوەری، لەوێشەوە بۆ حیزبی کارتێل(كارتێل: واتە مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات یان بازاڕ لەلایەن گرووپێکی دیاریکراوەوە، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن و نەهێڵن کەسی تر بێتە ناو ئەو بازنەیەوە)، حیزبەکان بەردەوام خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابووری و تەکنەلۆژییەکاندا گونجاندووە.
بەڵام ئەمڕۆ، هاتنی زیرەکیی دەستکرد ڕووبەڕووی قۆناخێکی جیاوازی كردووین، ڕکابەریی حیزب تەنها حیزبێکی تر یان ڕکابەرێکی سیاسی نییە، بەڵکو سیستەمێکی تەکنەلۆژییە توانای تێگەیشتن و ئاراستەکردنی مرۆڤی هەیە، کە زۆرجار لە توانای خودی حیزبەکان بەهێزترە.
حیزبەکانی سەدەی بیستەم لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی خواستە پەرتەوازەکانی کۆمەڵگا و گۆڕینیان بۆ پەیامێکی گشتی دروستکرابوون. ئەمە وەزیفەیەکی مرۆیی و ڕێکخراوەیی بوو. بەڵام ئەمڕۆ، ئەلگۆریتمەکان دەتوانن پێش حیزب بکەون. ئەوان دەزانن تاک چی دەوێت، چۆن بیری لێ دەکاتەوە و کەی تووشی توڕەیی یان متمانە دەبێت.
کاتێک زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت بە تاکتیکی پێشکەوتوو پەیامی کەسیکراو Personalizedبۆ هەر تاکێک بنێرێت، بێگومان ئەو ڕۆڵەی حیزب کە بریتی بوو لە کۆکردنەوە و ئاراستەکردن، بەتاڵ دەبێتەوە. لێرەدا قەیرانەکە تەنها لاوازیی متمانەی خەڵک نییە بە حیزب، بەڵکو قەیرانی وەزیفەیە.
ئەگەر حیزب نەتوانێت لە ئاستی زیرەکیی دەستکرددا خواست دروست بکات، ئەوا دەبێتە ڕێکخراوێکی کۆنەپەرست کە تەنها وەک دەزگایەکی کارتێلی بۆ دابەشکردنی سامانی دەوڵەت دەمێنێتەوە. ئەمە ئەوەیە کە لە کوردستاندا بە ڕوونی دەیبینین؛ حیزب لە بری ئەوەی ببێتە ناوەندێکی فیکری و کۆمەڵایەتی، بووەتە ئامرازێکی ئابووری بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی بنەماڵەیی و خێڵەکی، کە لەسەر بنەمای تۆڕی ستوونی پاتڕۆن و کڕیۆ کار دەکات.(پاتڕۆن کەسێکی دەسەڵاتدار پشتگیری و یارمەتی کەسێکی لاوازتر دەکات، کڕیۆClientئەو کەسەیە بەرانبەر ئەو پشتگیرییە، پابەندبوون و پشتیوانیی خۆی بە پاتڕۆنەکە دەدات).
ئەگەر سەیری داهاتوو بکەین، پێویستیی حیزب لە کۆکردنەوەی دەنگەوە دەبێت بۆ پاراستنی مەرجەکانی ئازادی بگوازرێتەوە. حیزبی داهاتوو نابێت تەنها مەکینەی دەنگهێنان بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە حیزبی مەرجەعی. لە دنیایەکدا کە زانیاری و ڕاستی لەژێر هەڕەشەی ئەلگۆریتمەکاندا پارچە پارچە دەبێت، حیزب دەبێت ببێتە مەنزڵگایەک بۆ گفتوگۆی گشتیی ڕاستەقینە، نەک گفتوگۆی ئەلگۆریتمیی کە مرۆڤەکان لەناو کۆپۆنی هەواڵی خۆیاندا گۆشەگیر دەکات(كۆپۆن واتا ئەو هەواڵ و زانیارییەی کە سیستەمێک بەپێی حەز و ڕەفتاری بەکارهێنەر بۆی هەڵدەبژێرێت).
حیزب پێویستە چونکە بەرپرسیارێتی پێویستییەکی ئەخلاقییەو زیرەکیی دەستکرد ناتوانێت هەڵیبگرێت.
ئاخر ئەلگۆریتمەکان خاوەنی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی نین، ئەوان تەنها دەرئەنجامی ماتماتیکین. حیزب وەک دامەزراوەیەک کە خاوەن شوناسە، دەتوانێت خاوەندارێتی لە بڕیارەکان بکات و لەبەردەم یاسا و گەلدا بەرپرسیار بێت. ئەگەر حیزب نەبێت، دەسەڵات دەکەوێتە دەستی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان و کەسایەتییە کاریزمییە ڕووکەشەکان کە نەک خزمەتی گشتی، بەڵکو تەنها ئاراستەکردنی دەرونیی جەماوەر دەکەن.
حیزبەکان لە مێژووی خۆیاندا لە ڕێکخراوی ئایدۆلۆژییەوە بۆ بازرگانیی سیاسی گۆڕاون. لە داهاتوودا، حیزب دەبێت لەو بازرگانییەی سامانی دەوڵەت دوور بکەوێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە فیکری و زانستییەکەی.
ئەمە پێویستی بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی هەیە لە هابیتوسی تاکەکەس و کۆمەڵگادا.(هابیتۆس Habitus واتە ئەو شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتەیە کە مرۆڤ لە ژینگە و کۆمەڵگەوە فێری دەبێت و لە ناخیدا جێگیر دەبێت). لە کوردستان، ئەو هابیتوسەی تاک فێر دەکات پشت بە حیزب-خاوەنکار ببەستێت بۆ بەدەستهێنانی نان، گەورەترین کۆسپە لەبەردەم گۆڕانکاریدا.
بۆ ئەوەی حیزب وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن بمێنێتەوە، پێویستە ئەو تۆڕە ستوونییانە تێکبشکێنرێن و تۆڕی ئاسۆیی لەنێوان هاوڵاتیاندا دروست بکرێت. حیزبی داهاتوو حیزبێکە هاوڵاتی فێر دەکات چۆن بەرگری لە مافی خۆی بکات لە دژی ئەو زیرەکی دەستکردەی دەیەوێت بڕیارەکانی پێشوەختە بۆ مرۆڤ دیاری بکات.
لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی حیزبی سیاسی لە سەردەمی زیرەکیی دەستکرددا، ئەگەر بیەوێت بمێنێتەوە، دەبێت ببێتە حیزبی پاراستنی شکۆی مرۆڤ. ببێتە ئەو مەیدانەی ڕاستی لە درۆ جیا بكاتەوە، نەک بە یاسای زۆردارانە، بەڵکو بە بەهێزکردنی توانای ڕەخنەیی تاک. هەڵەی گەورەی حیزبەکان ئەوە بوو وایان دەزانی دەسەڵات تەنها کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتە. لە سەردەمی نوێدا، دەسەڵات تەنها کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت نییە، بەڵکو کۆنترۆڵکردنی فەزایەکی کراوەی زانیارییە. ئەگەر حیزب نەتوانێت ببێتە سەرچاوەی متمانە لە نێو زەریاکەی زانیاریی ئەلگۆریتمدا، ئەوا ڕوو لە رووخان و هەڵوەشانەوەیەكی خێرا دەکات. کەواتە حیزب پێویستە، بەڵام نەک بەو شێوازە کۆنەی لەسەر بنەمای دابەشکردنی پلە و پایە و پارە بوو. حیزبی داهاتوو پێویستە حیزبێکی سووک، زانستی، شەفاف بێت.
حیزبێک ئەرکەکەی کۆکردنەوەی خواست نەبێت، چونکە سۆشیال میدیا و AI ئەم کارە دەکەن، بەڵکو ئەرکەکەی هاوسەنگکردنی ئەو خواستەیە لەگەڵ بەها گشتییەکان.
كەواتە حیزبی سیاسی لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان ئەوەتا بە هەمان یاسای ئاسنینی ئۆلیگارشی و میراتی خێزانییەوە بەردەوام دەبێت تا دەگاتە هەڵوەشانەوەی تەواو لەبەردەم شەپۆلی پۆپۆلیزم و تەکنەلۆژیادا، یان ئەوەتا خۆی نوێ دەکاتەوە و دەبێتە پارێزەری مەرجەکانی بیرکردنەوەی ئازاد.
هاتنی زیرەکیی دەستکرد کۆتایی حیزب نییە، بەڵکو کۆتایی حیزبی کۆنە.
ئێمە لە قۆناخێکداین لەمەودوا سیاسەت تەنها پێوەندی نێوان مرۆڤەکان نابێت، بەڵکو پێوەندی نێوان مرۆڤ، ئەلگۆریتم، دامەزراوەی بەرپرسیارە. ئەو حیزبەی بتوانێت ئەم سێ گۆشەیە بە دڵسۆزی بۆ بەرژەوەندی گشتی ڕێکبخات، دەتوانێت لە داهاتوودا جێگەی خۆی بگرێت. ئەگەرنا، مێژوو بە سۆز و میرات و ڕابردوو بەڕێوە ناچێت، بەڵکو بە تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییە قووڵانە بەڕێوە دەچێت کە جیهان بەرەو بێ-مرۆیی دەبەن.
ئەو کێشەیەی لە کوردستان هەیە، لەڕاستیدا کێشەیەکی جیهانییە لە قەوارەی بچووکدا: چۆن دەوڵەت و حیزب لەژێر هەژموونی میراتی-کارتێلی دەرباز بکەین و بیگوازینەوە بۆ دامەزراوەیەک کە تەنها و تەنها بەرژەوەندی هاوڵاتی و پاراستنی فەزای هۆشیاریی تێدا گرنگ بێت. ئەمە نەک هەر ئەرکی حیزب، بەڵکو ئەرکی هەموو تاکێکی هۆشیارە کە دەیەوێت لە داهاتوویەکی دیجیتاڵیدا، خاوەنی بڕیاری سیاسیی خۆی بێت، نەک پاشکۆی ئەلگۆریتمێک کە خواستی بۆ دروست دەکات.