وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر دەستیپێکردووە و لە 30ـی ئەم مانگەدا تەواو دەبێت، ئاماژە بەوەش دەکات، دوای ئەو وادەیە "یەک سەربازی بیانی لە هیچ شوێنێکی عێراق نامێنێت."
سەباح نوعمان، وتەبێژی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا وردەکاریی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی فەرمیی داخستنی بارەگای هاوپەیمانان و بەستنی "کۆنفرانسی سەروەری" ئاشکرا کرد و سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکان لە هەرێمی کوردستان، سەباح نوعمان وتی: "ئەمریکا و هاوپەیمانان ئێستا لە قۆناغی کشانەوەدان، هاوپەیمانان بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە هەولێر دەکشێنەوە."
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وادەی کۆتاییهاتنی کشانەوەکەی ئاشکرا کرد و وتی: "ئەم کشانەوەیە رۆژی 30ـی ئەیلوول تەواو دەبێت. رێوڕەسمێکی گەورەش لە بەغدا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بەڕێوەدەچێت."