شارپرێس:
دیوید پێردیو، باڵیۆزی ئەمریکا لە پەککین، ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی سەردانی شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بۆ ئەمریکا، باس لە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە چین کردووە.
پێردیو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی "فۆکس نیوز" کە دوێنێ دووشەممە کشەممە بڵاوکرایەوە، گوتی ئەم بابەتە جارێکی تر لە کاتی سەردانی سەرۆکی چین بۆ ئەمریکا خرایەوە بەرباس.
هەروەک گوتویەتی ترەمپ بەردەوام دەڵێت ئەمریکا چەک بە وڵاتانی جیهان دەفرۆشێت و لە یەکێک لە دیدارەکانی، پرسیویەتی ئایا شی حەز دەکات هەندێک لەو چەکانە بکڕێت.
ئەم قسەیەی پێردیو لە کاتێکدا هات کە پرسیار لەسەر ئەوە دەکرایەوە ئایا ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی پەکێجێکی گەورەی چەک بە تایوان بە بەهای 14 ملیار دۆلار دواخستووە، بۆ ئەوەی پەککین ڕازی بکات. پێردیو جەختی کردەوە کە بۆچوونی ئەمریکا لەبارەی فرۆشتنی چەک بە چین نەگۆڕاوە.
بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە یاسای ئەمریکا فرۆشتنی چەک بە چین قەدەغە دەکات و "هیچ پێشنیار یان پلانێک بۆ فرۆشتنی چەک بە چین" نییە.
ڕۆژنامەکانی "فاینانشیال تایمز"، "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" و "نیویۆرک تایمز"یش لە سەرچاوە ئەمریکاییەکانەوە گواستوویانەوە کە هیچ پلان یان پێشنیارێکی فەرمیی بۆ فرۆشتنی چەک بە پەککین نەخراوەتەڕوو.
فرۆشتنی چەکی ئەمریکا بە تایوان یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی ناکۆکیی نێوان واشنتۆن و پەککین. بەگوێرەی یاسای ئەمریکا، واشنتۆن پابەندە چەکی پێویست بۆ بەرگری لە تایوان دابین بکات. چینیش لە مانگی حوزەیراندا هۆشداریی دا کە هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی تایوان بە پشتبەستن بە ئەمریکا یان بە شێوازی سەربازی، ”ڕێگایەکی داخراوە".