شارپرێس:
حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، لەدوای سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق، حکومەتی فیدراڵ بەپێچەوانەی ڕێککەوتنەکان مامەڵەی لەگەڵ ئەنجامەکاندا کردوەو چەندین پێشێلکاریی کردوە.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم، لەڕاگەیەندراوێكدا چەند پێشێلكارییەكی حكومەتی عێراقی بەرامبەر ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەخاڵ دیاریكردوە.
دیارترین پێشێلکارییەکان:
1- پەراوێزخستنی ڕێککەوتنەکان: ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بەبێ تەواوکردنی پڕۆسەی بەراوردکاری لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی 1957، و پەراوێزخستنی تیمە هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکان.
2- دەستکاریکردنی ئامارەکان: دابەزاندنی نایاسایی ڕێژەی هەرێم بەبیانوی دەرکردنی ژمارەی ئاوارەو پەنابەران، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم ئەرکی میوانداریکردنیان و بەڕێوەبردنی خەرجییەکانی زیاتر لە 500 هەزار کەسی ناوچە هاوبەشەکانیشی لەئەستۆدایە، بەڵام بەغدا لە قازانجی خۆی هەژماری کردون.
3- ڕەتکردنەوەی داتا و شایستەکان: خەرجنەکردنی 13.8 ملیار دیناری تەرخانکراو بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لەهەرێم، لەگەڵ پێدانی پاساوی نالۆژیکی بۆ پێنەدانی داتا خاوەکان و پشتگوێخستنی هەوڵە فەرمییەکانی هەرێم.
