شارپرێس:
تەنگژەی دیپلۆماسی لەنێوان واشنتۆنو تاران گەیشتە قۆناغێکی نوێ، دوای ئەوەی ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکیو سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویكردهوه، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لەوەفدی ئێرانی بەسەرۆکایەتی عەباس عێراقچی کردوە کە بەشدارییان لەکۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکاندا کردبوو، دەستبەجێ خاکی ئەمریکا جێبهێڵن.
ئەم بڕیارەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوەهات، دانوستانەکانی نێوان هەردولا گەیشتنە بنبەست.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، بەیانیی ڕۆژی دوشەممە هیوا هەبوو لەکۆشکی سپی کە بەرەوپێشچون لەدانوستانەکاندا بێتە ئاراوە، بەڵام تا سەرەتای ئێوارە ڕونبوهوە کە گفتوگۆکان شکستیانهێناوە.
لەوەڵامی ئەمەدا، نێردەی ئەمریکا لەنەتەوەیەکگرتوەکان بەفەرمانی ڕوبیۆ، وهفدى ئێرانی لەپێویستیی جێهێشتنی بەپەلەی نیویۆرک ئاگادارکردەوە.
وهفدهكه دوای چەند کاتژمێرێک بەفڕۆکەیەک بەرەو دەوحە بەڕێکەوتن، سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردبوو، عێراقچی خۆی بەرنامەی گەڕانەوەی بۆ تاران هەبوە.
لەبەرامبەردا، ئێران بەتوندی وەڵامی ئەم ڕاپۆرتانەی دایەوە، بەشێوەیەک نێردەی ئێرانی لەنەتەوەیەکگرتوەکان لەڕێگەی ئاژانسی دەنگوباسی "ئێرنا"وە ڕایگەیاند، وهفدهكهیان ئێوارەی ڕۆژی دوشەممە بهگوێرهى ئەو خشتەیەی کە پێشتر لە 17ی سێپتەمبەردا ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرابوو، نیویۆرکی جێهێشتوە.
نێردەی ئێران جەختیکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی بەدەستنەهێنانی هیچ دەستکەوتێک لەدانوستانەکاندا، پەنای بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێبنەماو بێبایەخ بردوە تا کەشوهەوایەکی دروستکراو بخوڵقێنێت.
