هەرێمی کوردستان بۆ موچە ڕۆژێکی یەکلاکەرەوە بەڕێدەکات.. ئەو دوو وشەیە چیيه لانەبرێن کێشە دروستدەکات؟

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7243 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕۆژی چوارشەممە شاندی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە و پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق تاوتوێدەکرێت.

ئەوەی شاندی هەرێمی کوردستان سبەی گفتوگۆی لەسەر دەکات، پەیوەندیی بە سێ مادەوە هەیە کە لە بودجەی سێ ساڵییەکەدا مادەکانی 11 و 12 و 13 بوون. لەم بودجەیەشدا ناوەڕۆکی ئەم مادانە وەک خۆیان دانراونەتەوە، لابردنی دوو وشەش چارەنووسی ئابووریی هەرێمی کوردستان دیاریدەکات.

مادەیەکیان پەیوەندیی بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، مادەیەکی دیکەیان پەیوەندیی بە نەوتەوە هەیە، کە دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتە. بابەتێکی دیکە کە تاوتوێدەکرێت ئەو بابەتەیە کە کێشەی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەویش "ئینفاقی فیعلی"یە واتا (خەرجیی راستەقینە)، هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو دەستەواژەیە لە بودجەی ئەمساڵدا نەبێت، بەڵام پەرلەمانتارێکی کورد لەبەغدا کە لەبەر هەستیاریی دۆخەکە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت، بۆ شارپرێس جەختی لەوەکردەوە، لابردنی ئەو دەستەواژەیە ئەستەمە، چونکە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک پابەندی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ وەک ئەوەی ڕێکەوتنی لەسەر کراوە، نابێت.

د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەچێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەکو نێردەی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە بودجە دەکات.

به‌گوێره‌ى زانیاریەکانی شارپرێس پشکی هەرێم لەبودجەی 2027 دا بە12.67 جێگیرکراوە کە ئەمەش ناڕەزایی حکومەتیی هەرێمی لێکەوتوه‌و وه‌فدى هەرێم یەکێک لەو بابەتانەی بەجدی باسیدەکەن، گۆڕانکارییە لەو پشکەداو داوادەکەن کۆتا سەرژمێریی بکرێتە پێوەۆ کە زیاتر لە14 لەسەد دەبێت.

خاڵیکی دیكه‌ش کە جێگەی گفتوگۆ  گومانی وه‌فدى هەرێمی کوردستانە، بابەتی پشکی هەرێمە لەو دامەزراندنانەی لەپڕۆژەکەدا جێگەیان کراوەتەوە کە دیارنییە ئاخۆ پشکی هەرێمی تێدا دەبێت یان نا و ڕێژەکەشی چەند دەبێت.