زانکۆو پەیمانگاکانی سوریا هەندێک بەش و پسپۆڕی بۆ ڕەگەزی مێ قەدەغە دەکەن

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 347 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگرتنی خوێندکاران بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی سوریا بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027،  مشتومڕێکی فراوانی لێکەوتۆتەوە، دوای ئەوەی لیستەکانی وەرگرتن پیشانیان دا کە هەندێک بەش و پسپۆڕی تەنیا بۆ خوێندکارانی رەگەزی نێر کراوەتەوە و خوێندکارانی رەگەزی مێ لێی بێبەش کراون.

بەپێی لیستە بڵاوکراوەکان، زانستە یاساییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان، هەندێک پەیمانگای تەکنیکی، هەروەک پسپۆڕی بەڕێوەبردنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، بۆ پیاوان دیاریکراون. هەروەک جگە  لەمانە، بەشە ئەمنیی و سەربازیی و هەندێک پسپۆڕی ئەندازیاریی و دەریایی و ئاسمانییش لە نێوان ئەو بەشانەن.

مشتومڕەکە تەنیا پەیوەندیی بە بەشە سەربازیی و ئەمنییەکانەوە نییە، بەڵکو گەیشتۆتە بەشە مەدەنییەکان، بەتایبەتی یاسا، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی سوریا هۆکارێکی ورد و گشتیی بۆ ئەم جیاوازییە ڕوون نەکردۆتەوە.

لە کاتێکدا هەندێک پسپۆڕی تر بۆ هەردوو ڕەگەز کراوەتەوە، ئەمە نیشان دەدات کە بڕیارەکە جیاوازییەکی گشتیی لە سیستەمی خوێندنی سوریا نییە. ئەم بابەتە دوای مشتومڕی جیاکردنەوەی قوتابیان لە هەندێک قوتابخانە و پەروەردەگە لە دیمەشق، جارێکی تر پرسیاری یەکسانی دەرفەتی خوێندن و هۆکاری دیاریکردنی هەندێک پسپۆڕ بۆ پیاوان بەرز کردۆتەوە.