شارپرێس:
وەزارەتی دادی تورکیا بە شێوازێکی بەپەلە داوای ئامار و لیستی زیندانیان و هەڵاتووان لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردووە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی "یاسای چوارچێوەیی"دایە کە ئامانج لێی تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکەیە بە کۆمەڵگەی تورکیادا.
یاسای چوارچێوەیی، کە وەک یەکەم بەرهەمی یاسایی پرۆسەی ئاشتیی دادەنرێت، کەشوهەوایەکی چڕی لە ناو دادگاکانی تورکیادا دروستکردووە. وەزارەتی داد داواکاری گشتیی ڕاسپاردووە بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە هەزاران دۆسیەی بەندکراواندا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی هەواڵیی "Nefes”ی تورکی، ئامادەکاریی دەکرێت بۆ پێداچوونەوەی 80 هەزار دۆسیە لە هەموو 81 پارێزگاكەی وڵاتدا، کە زیاتر لە 100 هەزار زیندانی و دەستبەسەرکراو دەگرێتەوە، جگه لە سەیرکردنەوەی لە دۆسیەی 12 هەزار کەسی هەڵاتوو.
ئەم یاسایە تەنها تۆمەتی ئەندامێتیی و هاوکاریکردنی ڕێکخراوەکە ناگرێتەوە، بەڵکو تۆمەتەکانی وەک هەڵگرتنی مادەی تەقینەوە، زیانگەیاندن بە موڵکومال، ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی و ئاگرتێبەردانی بەئەنقەستیش دەگرێتەوە.
پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی یەکەمدا ڕاستەوخۆ 4500 زیندانی ئازاد بکرێن، بەڵام پرۆسەی ئازادکردنەکە بەند دەبێت بە ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیاوە کە ڕادەستکردنی چەک و چۆڵکردنی ناوچەکانی پەنادان لەلایەن پەکەکەوە پشتڕاست دەکاتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە پرۆسەی دیاریکردنی دۆخی یاسایی دۆسیەکان بەکۆتا بێت.