شارپرێس:
عێراق لە نێوان 30 وڵاتی خاوەن گەورەترین یەدەگی دراوی بیانی، لە پلەی 28ی جیهانەوە هاتووە، بە کۆی یەدەگی نزیکەی 85 ملیار دۆلار، بەپێی پۆلێنکردنێک کە ماڵپەڕی کەنەدی "Visual Capitalist" بڵاوی کردۆتەوە و پشت بە نوێترین داتاکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو دەبەستێت.
بەپێی ئەم پۆلێنکردنە، عێراق دوای فەڕەنسا هاتووە کە لە پلەی 27ە بە یەدەگی 86 ملیار دۆلار، و پێش ڕۆمانیا هاتووە کە لە پلەی 29ە بە 78.2 ملیار دۆلار. تورکیاش بە یەدەگی 76.6 ملیار دۆلار لە پلەی 30 و کۆتایی هاتووە.
چین بە یەدەگی3.41 تریلیۆن دۆلار لە سەرەوەی لیستەکەیە، دوای ئەویش ژاپۆن بە 1.259 تریلیۆن دۆلار، سویسرا بە 932.3 ملیار دۆلار، تایوان بە 602.5 ملیار دۆلار و هیندستان بە 543 ملیار دۆلار هاتوون.
لە ئاستی عەرەبیشدا، سعودیە بە 458.6 ملیار دۆلار لە پلەی شەشەمی جیهانە، ئیمارات بە 251.4 ملیار دۆلار لە پلەی 12ە، و عێراق سێیەمین وڵاتی عەرەبییە لە نێوان 30 وڵاتی خاوەن گەورەترین پاشەکەوتی دراوی بیانی.
ئەم پۆلێنکردنە پشت بە داتاکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەبەستێت و ئاماژە بەوە دەکات کە پاشەکەوتی دراوی بیانیی ئامرازێکی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە ئابوورییەکان، پاراستنی جێگیریی دراو، دابینکردنی هاوردە و خزمەتکردنی قەرزە دەرەکییەکان.
لە پۆلێنکردنەکەدا زێڕ لە پاشەکەوتی دراوی بیانی هەژمار نەکراوە و نوێترین داتاکانی بەردەست لە نێوان نیوەی ساڵی 2025 و چارەکی دووەمی 2026 بەکار هێنراون.