شارپرێس:
نزیکەی 2200 کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی چەکدارانی "داعش"، کە زۆربەیان بیانین، هێشتا لە کەمپی ڕۆژ لە رۆژئاوای کوردستان دەژین و بەڕێوەبردنی کەمپەکە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە بەردەوامە.
حەکمیە ئیبراهیم، بەرپرسی کەمپی ڕۆژ، بە ئاژانسی "AFP" ی فەڕەنسیی ڕایگەیاندووە کە کەمپەکە 729 بنەماڵەی پەیوەندیدار بە داعش لەخۆ دەگرێت، کە کۆی ژمارەکەیان زیاتر لە 2200 کەسە.
بە وتەی ئەو، سەرەڕای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنی دامەزراوە کوردییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، هێشتا هیچ گۆڕانکارییەک لە بەڕێوەبردنی کەمپەکە ڕوونەداوە.
دانیشتووانی کەمپەکە خەڵکی زیاتر لە 50 نەتەوەن و ژمارەیەکی زۆریان خەڵکی رووسیان، هەروەک خەڵکی فەرەنسا، تورکیا، ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی، لەوانە تونس و مەغریب لەخۆدەگرێت.
بەرپرسیارێکی حکومەتی سووریا وتویەتی کەمپی ڕۆژ هێشتا لە پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکاندا بووە و گواستنەوەی بەڕێوەبردنی بۆ دەسەڵاتی سووریا "کاتی دەوێت"، بەهۆی ئاڵۆزییە مرۆیی و سیاسییەکانی بابەتەکە و پەیوەندییەکەی بە وڵاتانی دەرەوە.
کەمپی ڕۆژ دوا کەمپی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سوریایە، دوای ئەوەی هێزە کوردییەکان لە کەمپی هۆل کشانەوە.
هۆل پێشتر زیاتر لە 23000 کەسی لەخۆ دەگرت، کە زۆربەیان سووری و عێراقی بوون، لەگەڵ نزیکەی 6500 کەس لە 44 نەتەوەی دیکە. بە وتەی دیمەشق، زۆربەی ژنان و منداڵانی هۆل دوای کشانەوەی هێزە کوردییەکان ڕایانکردووە و شوێنیان دیار نییە.