شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، تورکیا تاووتوێی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی لەناو خاکی سعودیە دەکات لە چوارچێوەی "پەیمانی مەککە"دا، کە ئەمەش هەنگاوێکە دەکرێت هاوکێشە ئەمنییەکانی ناوچەکە تاقیبکاتەوە و نەخشەی بڵاوبوونەوەی سەربازیی ئەنقەرە دابڕێژێتەوە.
راپۆرتە رۆژنامەوانییە تورکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەنکەرە پلانی هەیە لە هەفتەکانی داهاتوودا هێزێکی سنووردار، کەرەستەی سەربازیی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مەودا کورت و ناوەند، ئامرازەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی، ستافی توکینیکی و فڕۆکەی سەربازیی زیاتر بنێرێت، بەمەبەستی بەشداریپێکردنیان لە پاراستنی 4 دامەزراوەی سەرەکیی گاز و وزەی کارەبا لە سعودیە.
باس لەوەشدەکرێت کە ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی پەرلەمانی تورکیا جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا هێشتا ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەلایەن ئەنکەرەوە سەبارەت بە دیاریکردنی ژمارەی تەواوی سەربازەکان دەرنەچووە.
ئەم جووڵانە دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لیژنەی سیاسی، ستراتیجی و بەرگریی سەر بە "ڕێککەوتنامەی مەککە" هات لە ڕیاز لە 5ی تشرینی یەکەم ، بە بەشداریی سعودیە، تورکیا و پاکستان.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە خێراکردنی جێبەجێکردنی دەستبەجێی پابەندبوونی بەرگریی هاوبەش و دابینکردن و بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکان لە سعودیە کراوەتەوە، بەپێی یاسا نیشتمانییەکانی هەر سێ وڵات.