بانکی ناوەندی: ناچاربوین بەهای دۆلار بەرز بکەینەوە

عیراق

55 خولەک پێش ئێستا‌ 289 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی بانکی ناوەندی عێراق هۆکاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ئاشکرادەکات و دەڵێت،" لەپێناو پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، ناچاربوین ئەو کارە بکەین ".


حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، بەهۆی داخستنی گەروی هورمز و کەمبونەوەی هەناردەی نەوت کە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتەکان، عێراق بە دۆخێکی نائاسایی و هەستیاردا تێدەپەڕێت ".

ئەوەشیخستەڕوو،" پێشتر حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان پشتی بە قەرزی بانکی ناوەندی دەبەست، ئەمەش مەترسیی کەڵەکەبونی قەرزەکانی لێ دەکەوتەوە، بۆیە پێویست بوو بڕیاری بەپەلە لەبارەی بارودۆخی دارایی وڵاتەوە بدرێت ".

وتەبێژی بانکی ناوەندی وتیشی، بڕیاری گۆڕینی بەهای ئاڵوگۆڕ بۆ ئەوە بووە رێگری لە زیانی گەورەتر بکرێت لە ئەگەری بەردەوامبونی دۆخەکە بەو شێوەیە روی دەدا.

دەربارەی جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی دۆلار و نرخی بازاڕی رەش، حەیدەر غازی رونیکردەوە، ئەم کەلێنە پەیوەندی بەو مامەڵە بازرگانییانەوە هەیە لە دەرەوەی رێکار و چوارچێوە فەرمییەکان دەکرێن، زۆرجار کڕینی دۆلار لە بازاڕ بۆ هاوردەکردنی ئەو کەلوپەلانەیە بە رێکارەکانی گومرگ و باج و پشکنینی فەرمیدا تێناپەڕن.