شارپرێس:
عەبدولقادر کەربەلایی یاریدەدەری سەربازیی بزوتنەوەی نوجەبا داوای لەعێراق
کرد، بەچاوپۆشی لەبڕیارەکانی ئەمریکا، پابەندی ئەو سزایانە نەبێت کە پەیوەستن بەئێرانەوە؛
هاوکات هۆشدارییدا لەلێکەوتەکانی ئەم پابەندبونە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەژێر
تیشکی ئەو گرژیانەی کە گەروی هورمز بەخۆوەی دەبینێت.
کەربەلایی ڕایگەیاندوە، عێراق دەبوو لەکێشەکانی پەیوەست بەگەروی
هورمز دوربکەوێتەوەو ڕەوانیی هەناردەی نەوتەکەی بپارێزێت، ئەمەش لەڕێگەی پەیڕەوکردنی
ڕێبازی ئەو دەوڵەتانەی کە بەشدارییان لەشەڕەکەدا نەکرد یان پابەندی ئەو سزایانە نەبون
کە بەسەر تاراندا سەپێندراون.
ناوبراو بەراوردێکی لەنێوان نرخەکانی بەنزین لەئەمریکاو ئێراندا کردو
وتی، "تێچوی 30 لیتر بەنزین لەئەمریکا دەگاتە 90 دۆلار، لەکاتێکدا لەئێراندا
تەنها حەوت دۆلارە سەرهڕای ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێندراون؛ بەڵام بەیاننامەکە
سەرچاوەی ئەم ژمارانە یان جۆری سوتەمەنیو نرخە جێگیرەکانی ناو بەراوردەکەی ڕون نەکردوەتەوە.
کەربەلایی پێیوایە، گەروی هورمز گۆڕدراوە بۆ کارتێکی گوشار دژ بەئەمریکاو
هاوپەیمانەکانی، ئهوهشى وت، "ئەو دەوڵەتانەی بەشدارییان لەشەڕ یان ئابڵۆقەی
دژ بەئێراندا نەکردوە"، بهوتەی ئەو، "ئیمتیازی تایبەتیان لەگەروەکەدا بەدەستهێناوەو
نەکەوتونەتە ژێر کاریگەریی لێکەوتەکانی ئەم قەیرانەوە".
یاریدەدەری سەربازیی نوجەبا لەکۆتاییدا جەختیکردەوە، عێراق لەهەموان
شیاوتر بوو پابەندی ئەو بڕیارانە نەبێت کە بە"بڕیارە ستەمکارەکانی ئەمریکا"
ناوی بردن، تاوەکو بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتەکەی مسۆگەربکاتو لەلێکەوتە ئابورییە
خراپەکانی تێکچونی هاتوچۆی دەریاوانی لەگەروەکەدا بەدوربێت.
