شارپرێس:
لەماوەی یەک مانگی ڕابردودا گفتوگۆیەکی گەرم لەنێوان بەشێکی بەرپرسانی باڵای یەکێتيی و پارتیدا هەبوو بۆ کۆبونەوەی لوتکەو ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کۆبونەوەی پەرلەمان.
گفتوگۆکان تا ڕادەیەک بوون کە باس لە دابەشکاریی پۆستەکان دەکرا و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە و هەردوولاش ئومێدی خۆیان بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاند، بەڵام وا نزیک دەبێتەوە لە مانگێکی تەواو لە دوای کۆبوونەوەکە، نە کۆبوونەوەی تری بە دوادا هات و نە هیچ ڕێککەوتنێکیش ڕاگەیەنراوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و نە هیچ هەنگاوێکیش هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
لەدوای کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، وێرای ئەوەی بەشێکی زۆری سەرکردەکانی هەردوولا پشتڕاستیان کردەوە کە بەڵێ کۆبوونەوەکە کراوە و هەنگاوی باش نراوە، جیاواز لەمە هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی باسی لە دابەشکردنی پۆستەکان و ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانیش کرد بە جۆرێک کە هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە بکرێتە سەر کاغەز و واژۆ بکرێت و کابینەی نوێ پێکبێت، بەڵام لەپڕ و بێ هیچ هۆکارێکی دیار، گفتوگۆکان جارێکی تر وەستانەوە و هەنگاوەکان لە شوێنی خۆیان مانەوە و کەسیش باسی هۆکارەکانی نەکرد.
بە پێی بەدواداچوونەکانی شارپرێس لە ئێستادا هیچ گفتوگۆ و کۆبوونەوەیەکی نهێنیش لەنێوان پارتی و یەکێتی نەماوە و لە دوای گەڕانەوەی بافڵ تاڵەبانیش لە ئێران، لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا پرسیاری ڕێککەوتن کراوە لەگەڵ پارتی، تاڵەبانی وتویەتی من لێرە نەبووم و ئەو پرسیارە لە کاک قوباد بکەن، بەڵام بە بۆچونی من با تا دوای سەری ساڵ دۆخەکە هەر وا بمێنێتەوە و دوای سەری ساڵ بچینە گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێوە لەگەڵ پارتی.
هەر بە پێی زانیارییەکانی شارپرێس لە نێو پارتیشدا وێرای ئەوەی مەسرور بارزانی هەنگاوی پێکهێنانی کابینەکەی هەڵگرتبوو، بەڵام دەنگی ناڕەزایی هەبووە و بەشێکی سەرکردەکانی ئەو حزبە پێیان وابوە کە نابێت بەم جۆرەی ئێستا لەگەڵ یەکێتی ڕێککەون و دەبێت ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی بکەن کە کابینەیەکی ئارام و بێکێشە دروست بکرێت نەک وەک کابینەی نۆیەم.
زانیارییەکانی شارپرێس ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێتی مەبەستیەتی لە دوای سەری ساڵەوە لەگەڵ پارتی بچێتە گفتوگۆ بۆ شەرعیەتدانەوە بە کابینەی نۆیەم و درێژکردنەوەی ماوەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و پەرلەمان کارا بکرێت و هەمان کابینە کارەکان ڕایی بکات تا وادەی هەڵبژاردنێکی نوێ دێتە پێشەوە، ئەو کات هەنگاوی پێکهێنانی حکومەت و کابینەیەکی نوێ بنرێت. مەسرور بارزانیش کە ئەم مەبەستەی یەکێتی زانیوە زۆر نیگەران بووە و لە کۆتا دەرکەوتنیدا زۆر بە توندی و نیگەرانییەوە قسەی کرد و وتی هەرکەس دەیەوێ قەوارەی هەرێم بپارێزێت با بێتە پێشەوە و ئەگەر ڕاست دەکەن وەرن پەرلەمان کارا بکەنەوە.
درێژبوونەوەی ئەم ناکۆکییە منو تۆییهى پارتی و یەکێتيی لەسەروبەندی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کشانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا، چارەنووسی هەرێمی کوردستانی بە نادیاری هێشتۆتەوە و ڕەنگە ببێتە مەترسییەکی جدی لەسەر داهاتووی هەرێم و هیچ کام لەم دوو حزبەش هەست بە مەترسییەکان ناکەن، یان هەستیشی پێ دەکەن و گوێی خۆیان لێ خەواندووە.
