ئەمریکا گوشاری خستۆتە سەر ئیسرائیل بەتەنیا هێرش بکاتە سەر ئێران

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 595 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 رۆژنامەی "مەعاریف"ی عیبری بەپشتبەستن بە سەرچاوە تایبەتییەکانی ئاشکرایکردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئیسرائیل، فشاری خستۆتە سەر تەلئەبیب بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تاکلایەنە دژی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، واشنتۆن دەیویست ئیسرائیل، نەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرپرسیاریەتی مەترسییە سیاسییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ئەستۆ بگرێت، پێش ئەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجام بدرێن.

بەپێی سەرچاوەکان، بەرپرسانی ئەمریکایی پێیان وابووە ئیسرائیل لەوانەیە ئارەزووی هێرشکردنە سەر ئێران بکات، پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی خۆی. لە بەرامبەردا، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولیی، دەتوانێ کاریگەریی سیاسیی نەرێنیی لەسەر ترەمپ هەبێت.

پێشتر ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ترەمپ خەریکی هەڵسەنگاندنی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانە دژی ئێران.

بەڵام زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشنیاری سەرەتایی واشنتۆن، بە کردەوە بریتی بووە لە پاڵنانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێش هەڵبژاردنەکان. سەرچاوەکان بە "مەعاریف"یان ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا لەو داواکارییە پاشگەز بۆتەوە، لانیکەم لە قۆناغی ئێستادا.
لە هەمان کاتدا، هەڵوێستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەم بارەیەوە هێشتا ڕوون نییە. 
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی