شارپرێس:
تۆمارکردنی بازدانێکی بێپێشینە لەژمارەی چاودێرانی ناوخۆیی لەهەڵبژاردنەکانی
عێراقدا کە زیاتر لەملیۆنێکو 300 هەزار چاودێر بوە، پەردەی لەسەر دیاردەیەکی مەترسیدار
لادا؛ لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان ئاشکرایدەکەن، پارتە دەستڕۆیشتوەکانو كاندیدهكان،
ناسنامەکانی چاودێریکردنی کۆمسیۆنیان کڕیوەتەوەو وەک چەترێک بۆ ڕێکخستنی حزبی، کڕینی
دەنگی خێزانەکانو دەستەبەرکردنی کورسییەکانی پەرلەمان بەکاریانهێناون، ئەمەش سەربەخۆیی
کۆمەڵگەی مەدەنیی خستوەتە ژێر پرسیارەوە.
لەسەروبەندی بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگداندا، ئەو ناسنامە فەرمییانەی کە
لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ چاودێریکردنی سندوقەکانو تۆمارکردنی سەرپێچییەکان دەرچوبون،
نەخرانە خزمەت پاراستنی پاکی بێگەردی هەڵبژاردنەکانەوە، بەڵکو لەمەیدانەکەدا وەک کەرستەیەکی
بازرگانی بۆ کۆکردنەوەی دەنگی مسۆگەرکراو ئاڵوگۆڕیان پێدەکرا.
داتاکانی کۆمسیۆنو ژمارە ڕاستەقینەکانی پشت پەردە
بهگوێرهى وتەی حەسەن قەبەس بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی
هەڵبژاردنەکان، بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەت بەنزیکەی ملیۆنێکو 100 هەزار چاودێری سەر
بەڕێکخراوە ناوخۆییەکان درابوو، لەکاتێکدا چاودێرانی هێزە سیاسییەکان تەنها 400 هەزارو
چاودێرە نێودەوڵەتییەکانیش نزیکەی دوو ههزارو 200 کەس بون، بەڵام سەرچاوەیەکی بەرپرس
لەبەشی تۆمارکردنو ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن ئاشکرایکرد، ژمارەی ڕاستەقینەی چاودێرانی
ناوخۆیی بازدانی داوە بۆ ملیۆنێکو 300 هەزار چاودێر، ئەمەش گەشەکردنێکی گەورەی نۆ
هێندەیی بەراورد بەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پیشاندەدات.
ئەم فۆرمە گەورەیە بەهۆی مادەی یاسایی (10/ هەشتەم)ی یاسای کۆمسیۆنەوە
هاتوە کە ڕێگە بەهەر ڕێکخراوێک دەدات بهگوێرهى ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان چاودێر
دابنێت؛ بۆ نمونە تەنها لەپارێزگای دیالە، ڕێکخراوێک مافی هەبوە دوو ههزارو 19
چاودێر تۆماربکات، ئەمەش بوە هۆی کێبڕکێی توندی پارتەکان بۆ کڕینی کۆدی ڕێکخراوەکان.
بەڵگەی بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوەکان لەکڕینی دەنگەکاندا
ڕەبیع زێدان بەڕێوەبەری لقی ڕێکخراوی (مەکارم بۆ مافەکانی مرۆڤ)، ئاماژهى بهدیاردەی کڕینی دەنگ لەواست كردو بەئاشکرا
دانی بەوەدا نا، ڕێکخراوەکەی هەزار چاودێری لە140 بنکەی دەنگداندا جێگیرکردوە تەنها
بەمەبەستی سەرخستنی یەک كاندیدى دیاریکراو، زێدان ڕونیکردەوە، ئەوان چاودێرەکانیان
ناچارکردوە دەنگ بەو كاندیده بدەنو خێزانەکانیشیان ببەن، بەمەش هەر چاودێرێک بوەتە
هۆی مسۆگەرکردنی چەندین دەنگ لەبەرامبەر بڕێک پارە لەژێر ناوی "کرێی کاتژمێری
کارو ژەمە خۆراک" کە پێش دەنگدانو پاش دەنگدان پێیاندراوە، جیا لەبەڵێنی دامەزراندنی
داهاتوو.
زێدان ئاشکرایکرد، ڕێکخراوەکە پاش تەواوبونی پڕۆسەکە، شریتی ئەنجامەکانی
لەچاودێرەکان وەرگرتوەتەوە تا دڵنیا ببێتەوە لەو دەنگانەی كاندیدهكهیان بەدەستیهێناون،
تەنانەت بەشێک لەچاودێرەکان لەناو هۆڵەکاندا بەوێنە، دەنگدانی خۆیانیان سەلماندوە،
ئەم دوو ڕێکخراوە سەرهڕای ئەم بڵاوبونەوە بەرفراوانە، پاش هەڵبژاردن هیچ ڕاپۆرتێکیان
لەسەر سەرپێچییەکان پێشکەشی کۆمسیۆن نەکرد.
عەلی حوسێن خەفاجی جێگری سەرۆکی دامەزراوەی (الفراهیدی بۆ گەشەپێدانو
دیالۆگ) لهبارهى هاوکاریی ژێربەژێر لەبابل
دانی بەوەدانا، لەکاتی هەڵبژاردندا هاوکاریی تەواو نهێنییان لەگەڵ سێ لایەنی سیاسیی
کردوە، بەوپێیەی دامەزراوەکەیان تەنها لە 10 کەس پێکهاتبوو، پارتە سیاسییەکان کۆدی
ڕێکخراوەکەیان بەکارهێناوە بۆ تۆمارکردنی سەدان چاودێر لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی کۆمسیۆنەوەو
سەرجەم ڕسوماتی داراییو کرێی چاودێرەکانیش لەلایەن بەڕێوەبەرانی هەڵمەتی پارتەکەوە
دراوە.
بەکارهێنانی ڕێکخراوەکان لەناوجەرگەی ژینگەی حزبییدا
زەینەب کەرەملی كاندیدى هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا ئاماژهى بهکۆتای
ژنان لەبەسرە كردو زانیاریى لهبارهى شێوازی کارکردنی حزبەکەی لاداو ڕایگەیاند، لەکاتی
بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی (الصفوح بۆ مافەکانی مرۆڤ) لەبەسرە، 300 چاودێری تۆمارکردوەو
ڕاهێنانی پێکردون، بەشێوازێک کە حسابی وردی بۆ توانای هەر چاودێرێک کردوە بۆ هێنانی
دەنگی خێزانەکەی تا بگاتە ڕێژەی پێویست بۆ بردنەوەی کورسیی کۆتای ژنان.
کەرەملی ئاشکراشیکرد، حزبەکەیان خاوەنی زیاتر لە 20 ڕێکخراوی مەدەنیی
جیاوازە کە لەبوارەکانی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکو هاوکاریی کۆمەڵایەتیدا کاردەکەنو
تەنها لەم هەڵمەتەدا سێ ڕێکخراوی جیاوازیان خستوەتە خزمەت سەرخستنی کاندیدەکانەوە.
ئەم پاشگەزبونەوه قورسە لەئەرکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیو بەکارهێنانی
ناسنامەی چاودێریکردن وەک چەترێک (یان ڕوپۆشێک) بۆ کارو گروپى سیاسیی، گومانێکی
قورس دەخاتەسەر پاکیو سەربەخۆیی پرۆسەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لەعێراقداو دەیسەلمێنێت
کە چۆن پارەی سیاسیی، دەتوانێت یاساکان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربهێنێت.
ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتو بەدواداچونە لەمکاتەدا،
بۆ ئەوەیە کە پەردە لەسەر ئەو تەڵەکەبازییو پێشێلکارییە گەورانە لابدات کە لەهەڵبژاردنهكانى
ڕابردودا ئهنجامدراونو ئێستاش كه وادهى ههڵبژاردنى ئهنجومهنى پارێزگاكانى عێراق
دیاریكراوه (کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتویهتى، بهگوێرهى پلانەکانیان
لەساڵی 2027 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت)، بەتایبەت لەپارێزگاکانی
وەک (واست، بابلو بەسرە)؛ چونکە كاندیدهكانى ناوخۆی پارێزگاکان پشتبەستن بەهەژمونی
ناوچەیی، زیاتر ڕێکخراوە خۆجێییەکانیان وەک چەترێک بۆ کڕینی دەنگی خێزانەکان بەکارھێناوە
بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی پهرلهمان.
