نەخشەڕێگه‌ی پەیمانگه‌ی واشنتۆن بۆ ئیدارەی ترەمپ؛ بەهێزکردنی پێگەی هەولێرو تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە به‌کلیلی پاراستنی عێراق لەداعش ناوده‌برێت

کوردستان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9670 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیمانگه‌ی لێکۆڵینەوەی واشنتۆنى ئەمریکی ڕایگەیاند، داعش لەئێستادا لەلاوازترین قۆناغی خۆیدایه‌، بەڵام هۆشداریدا لەبونی نیشانەیەک کە پیشانیدەدات گروپه‌كه‌ دەیەوێت پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، خۆی بۆ هێرشی نوێ ئامادەبکات؛ له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داوای لەئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کرد چەند پێشنیازێک جێبەجێبکات، لەوانە کاراکردنەوەی کونسوڵخانەی هەولێرو پڕکردنەوەی کەلێنی ئەمنیی نێوان حکومەتی ناوەندیی‌و هەرێمی کوردستان.


پەیمانگای واشنتۆن لەڕاپۆرتێکدا داوای لەئیدارەی نوێی ئەمریکا کردوە کە لەڕێگەی سێ هەنگاوی سەرەکییەوە متمانەی پاراستنی ناوچەکە مسۆگەربکات؛ یەکەم، کاراکردنەوەی "گروپی سەربازیی لەعێراق" کە یەکەیەکی هاوبەشی مەدەنی-سەربازییە لەباڵیۆزخانەی بەغدا، دوەم، بەهێزکردنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێرو دابینکردنی ستافی پێویست بۆیی‌و سێیەمیش، کاراکردنی لایەنی سیاسیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.

ئەم پێشنیازانە بۆ هاوکاریکردنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە تا بتوانێت "خاڵی هێزو پاڵپشتی" خۆی بپارێزێت، بەوپێیەی ئەو هێزانەی لە 30ی ئەیلولدا کشانەوە، پاڵپشتیی گرنگیان لەبواری زانیاریی نهێنی، چاودێریی‌و هێرشە ئاسمانییەکاندا پێشکەشدەکرد؛ بۆیە پێویستە بەرپرسانی ئەمریکاو عێراق گۆڕینەوەی زانیارییەکان بکەنە فەرمی تا دژ بەسەرکردە دیارەکانی داعش بەکاربێت.

ڕاپۆرتە شیکارییەکە چەند تەوەرو نەخشەڕێگەیەکی گرنگی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە خستوەتەڕوو، ده‌ڵێت، "پێویستە سندوقی ڕاهێنان‌و پڕچەککردنی دژ بەداعش بەردەوامبێت لەدابینکردنی تێچوی ڕاگرتن‌و دادگاییکردنی چەکدارەکان لەعێراقدا، هاوپەیمانانیش لەکۆبونەوەی ئەمدواییەی ڕۆمادا بەڵێنی زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلاریانداوەو پێویستە واشنتۆن هانیان بدات ئەم بەڵێنانە بکەنە پابەندیی درێژخایەنی چەند ساڵە".

پەیمانگه‌کە پێشنیازیکردوە کە گفتوگۆی ئەمنیی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا ئەم خاڵانە بگرێتەوە، پشکنینی وردی کارمەندانی گرتوخانەکان، چاودێریکردنی په‌یوەندیی گومانلێکراوان‌و جیاکردنەوەی سەرکردە باڵاکانی داعش لەچەکدارانی خوار خۆیان تا ڕێگریی لەپلاندانان‌و ڕاکێشانی توخمی نوێ بکرێت، هاوكات داوایکردوە گوشار بکرێت بۆ داخستنی ئەو گرتوخانانەی لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەڕێوەدەبرێن.

ڕاپۆرته‌كه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، ئیدارەی ترەمپ دەبێت لەگەڵ بەغداو هەولێر بگاتە ڕێککەوتنێک بۆ چاودێریکردنی خێرای نیشانەکانی مەترسیی داعش، وەک هاوشێوەی ساڵی 2019؛ لەوانە زیادبونی کوشتنی موختارو سەرۆک هۆزەکان، تیرۆرکردنی سەرچاوەکانی زانیاریی، تێکدانی ژێرخانی ئابوریی، یان ڕوداوەکانی ناو گرتوخانەکان.

ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات کە هەر بازدانێک لەم نیشانانەدا، دەبێت خێرا پاڵپشتیی ئاسمانی‌و زانیاریی ئەمریکای بەدوادابێت، نەک وەک ساڵانی 2012 تا 2014 چاوەڕوانبکرێت تادۆخەکە لەدەستدەردەچێت.

ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە، شانەکانی داعش لەئێستادا کار لەسەر ناوچە گۆشەگیرو لێکترازاوەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی فیدراڵ‌و هێزە کوردییەکان دەکەن لەپارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین‌و نەینەوا، بۆیە ئەرکی واشنتۆنە لەڕێگەی گفتوگۆ ئەمنییەکانەوە، ناوەندەکانی هاوئاهەنگیی هاوبەش بپارێزێت‌و پڕۆسە سەربازییەکانی نێوان سوپای عێراق‌و هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچە کێشەلەسەرەکاندا ئاسانتر بکات، هاوكات پشتگیریی لیژنەی بەندکراوانی سوریا بکات کە لەئابدا لەنێوان بەغداو دیمەشقدا ڕێککەوتنی لەسەرکراوە.

پەیمانگه‌ی واشنتۆن پێشنیازیکردوە، بەردەوامبونی پاڵپشتیی ئەمریکا دەبێت بەندبێت بەجێبەجێکردنی چاکسازیی سیاسیی لەعێراق‌و پاراستنی پێکهاتەی سوننە، وەک چۆن هاوپەیمانان لە یه‌كی تشرینی یەکەمدا لەڕۆما داوای پاراستنی هەموو پێکهاتەکانیان کرد، ئەمەش لەسەر زەوی بەواتای کەمکردنەوەی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، دابەشکردنی دادپەروەرانەی پارەی ئاوەدانکردنەوە، پێدانی قەرەبوی یاسایی بەو هاوڵاتییە سڤیلانەی ماڵەکانیان لەشەڕی داعشدا وێران بوو (بەبێ دورخستنەوەیان بەبیانوی گومانی په‌یوەندی بەداعشەوە)و دابینکردنی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی سوننەکان لەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بون.

لەکۆتاییدا، داوادەکات واشنتۆن ڕێککەوتنێک بکات بۆ هێشتنەوەی ژمارەیەکی کەمی ڕاوێژکارانی ئەمریکی تا توانای زانیاری گەیاندنی قوڵتر بۆ عێراق بونیادبنێن.