شارپرێس:
تۆم باراک باڵیۆزی ئەمریکا لەتورکیاو نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراقو سوریا، هەوڵیداوە کۆمپانیای "تی ئای کەپیتاڵ" کە زیاد غەندور هاوبەشی بازرگانییەکەی بەڕێوەی دەبات، لەپڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک-بانیاسدا بەشداربێت.
ڕۆیتەرز ئاشكرایكردوه، هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە کە بسەلمێنێت باراک لەپڕۆژەی بۆری نەوتەکە یان پڕۆژەکانی دیكهدا قازانجی دارایی بەدەستدەهێنێت، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندوە، باراک هیچ پەیوەندییەکی دارایی یان ڕۆڵێکی لەپڕۆژەکەدا نییەو پابەندییەکانی ڕێساکانی ئەخلاقیی جێبەجێکردوە.
عێراقو سوریا لەتەمموزی ڕابردودا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ هاوپەیمانییەک واژۆکرد کە "تی ئای کەپیتاڵ"، کۆمپانیای ئەمریکی "شێڤرۆن"و کۆمپانیای قەتەری "یو سی سی هۆڵدینگ" لەخۆدەگرێت، ئامانج لەڕێککەوتنەکە ئەنجامدانی توێژینەوەی تەکنیکیو داراییە بۆ ئامادەکردنی نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتەکە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لەگفتوگۆکان بەڕۆیتەرزیان وتوە باراک، دوای دەستپێکردنی جەنگ لەئێران، لەکۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقو سوریا فشارى خستوهتە سەر ئەوەی کۆمپانیای غەندور بخرێتە ناو پڕۆژەکە.
لە16ی حوزەیرانیش، باراکو سەرۆک وەزیرانی عێراق لەڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانییان لەبەشداریی "تی ئای کەپیتاڵ" کردوە، بێئەوەی ناوی شێڤرۆنو یو سی سی بهێنن.
بهگوێرهى ئاشکراکردنە داراییەکانی باراک، لەئاداری 2025، ناوبراو خاوەنی بەشێکە لەکۆمپانیای "ACD-TI Oakley Investment LLC"کە پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێبون لەنزیک سانفرانسیسکۆ بەڕێوەدەباتو "تی ئای کەپیتاڵ" بەڕێوەبەریی دەکات.
باراک مافی وەرگرتنی تا 20%ی قازانجی کۆمپانیاکەی هەیە، دوای ئەوەی قازانجەکە بگاتە سنورێکی دارایی دیاریکراو.
ڕیچارد پەینتەر بەرپرسی پێشوی ئاکاری پیشەیی لەکۆشکی سپی بەڕۆیتەرزی وتوە، پەیوەندیی بازرگانیی باراک بەغەندورەوە دەتوانێت بەگوێرهى ڕێساکانی بێلایەنیی ئەخلاقی، کێشەیەکی جدی دروستبکات، تەنانەت ئەگەر باراک قازانجی دارایی ڕاستەوخۆ لەبۆرییەکە بەدەستنەهێنێت.
هەروەک دون فۆکس بەرپرسی پێشوی نوسینگەی ئاکاری پیشەیی حکومەتی ئەمریکا، وتویەتی، پشتیوانیی باراک لەکۆمپانیایەکی تایبەت دەتوانێت پرسیاری بەکارهێنانی پۆستی فەرمی بۆ بەرژەوەندیی کەسانی نزیکی دروستبکات، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردوهتەوە، باراک پابەندیی ڕێساکانی ئەخلاقی بوە.
بۆری نەوتی کەرکووک-بانیاس بۆ ماوەیەکی درێژ نەوتی خاو لەعێراقەوە بۆ کەناری دەریای ناوەڕاست لەسوریا گواستوەتەوە، بەڵام لەساڵی 2003وە لەکارکەوتوە، پلانەکانی چالاککردنەوەی دوبارە، بەهۆی کۆتوبەندی هاتوچۆ لەتەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، گرنگییەکی نوێیان پەیداکردوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێکی پێشوی رۆیتەرز، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لانیکەم چوارساڵی دەوێتو تێچویەکەی نزیکەی 15 ملیار دۆلار دەبێت.
