دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا هۆشداریی دەدەن.. ڕوسیا دەیەوێت چەند گەورە بەرپرسی بەرگریی ئەوروپا تیرۆر بکات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا هۆشدارییان داوە کە ڕووسیا پیلانەکانی بۆ کوشتنی بەرپرسانی باڵای کۆمپانیاکانی بەرگریی ئەورووپا چڕتر دەکاتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵێکی فراوانتر بۆ لاوازکردنی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینەنشیال تایمز"، بەرپرسانی 5 دەزگای هەواڵگریی ئەورووپی ئەم هۆشدارییەیان داوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆمپانیاکانی درووستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێکهاتەکانیان زیاتر دەبنە ئامانج.

ئەم هەڕەشەیانە وای کردووە ژمارەیەک کۆمپانیا ڕێوشوێنی پاراستنی کەسیی بەرپرسانی باڵایان بەهێزتر بکەن، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی دیکە شوێنی بەرهەمهێنانیان گواستۆتەوە.

بەرپرسانی هەواڵگریی دەڵێن کرێملین چوارچێوەی "کارە تێکدەرەکان و چالاکییە تێکەڵەکان"ی لە ئەورووپا فراوانتر کردووە و پیلانەکانی ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی بوونەتە بەشێکی گرنگی ئەم هەوڵانە.

سینان سیلین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا، لە پەرلەماندا هۆشداریی داوە کە ڕووسیا بە ئەنقەست پیلان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی تاکەکان دادەڕێژێت، بەهۆی لایەنە سەر بە دەوڵەت یان کۆنترۆڵکراو لەلایەن دەوڵەتەوە.

بەرپرسانی کۆمپانیاکانی بەرگریش وتوویانە لە 6 مانگی ڕابردوودا پاراستنی کەسییان بە پێی ڕاسپاردەی دەزگا ئەمنییە حکوومییەکان بەهێزتر کردووە. ئامانجی سەرەکیی ڕووسیا، بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی، درووستکردنی ترس و فشارێکی دەروونییە بۆ ئەوەی کەسان و کۆمپانیاکان پێش مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆکرانیا دوو جار بیر بکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای ڕووسی "یاندێکس"، کە لە بواری تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد کار دەکات، ڕایگەیاند کە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی هەژمارکردنی کۆمپانیاکە گەیاندووە و ناوەندی داتای لە ناوچەی ڤلادیمیر بە تەواوی داخستووە.

ئەمە سێیەم ناوەندی داتای گەورەی کۆمپانیاکەیە کە لە ماوەی چەند ڕۆژدا وەستاوە، پێشتر ناوەندەکانی کۆمپانیاکە لە ناوچەکانی کالوگا و ساسۆڤۆش بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیاوە تووشی زیان و وەستانی کار بوون.

 ناوەندی ساسۆڤۆ دوو لە سێ سیستەمی کۆمپیوتەریی زۆر بەهێزی لەخۆ گرتبوو کە بۆ پەرەپێدانی مۆدێلی زیرەکیی دەستکردی کۆمپانیاکە بەکاردەهێنران.