بەرپرسێکی پێشوی CIA بەتۆمەتی پێدانی زانیاری نهێنی بە خۆشەویستەکەی دادگایی دەکرێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 317 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دادی ئەمریکا، ئیان برینکسمان، گرێبەستکاری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، تۆمەتبار کردووە بە دزەپێدانی زانیارییەکی زۆر نهێنیی هەواڵگریی بۆ خۆشەویستەکەی، کە ڕۆژنامەنووسە و دواتر ڕاپۆرتی لەبارەی ئێران و ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی "سەبستاک" بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دادی ئەمریکا، برینکسمانی 42 ساڵە ڕۆژی هەینی لە واشنتۆن دەستگیر کراوە، دوای ئەوەی ماڵەکەی پشکنین کرا. تۆمەتی گواستنەوەی نایاسایی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکای ئاراستە کراوە.

جۆن ئایزنبرگ، یاریدەدەری داوکاری گشتیی بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانیی، وتویەتی تۆمەتبارەکە سنووری ئەرکەکانی خۆی تێپەڕاندووە بۆ دەستگەیشتن بە نهێنییە هەستیارەکان، پاشان گواستونییەتییەوە بۆ خۆشەویستەکەی، لە کاتێکدا دەیزانی نیازی بڵاوکردنەوەی هەیە.

بەپێی ماڵپەڕی ئیسرائیلی "یەدێعۆت ئاحرنۆت"، ڕۆژنامەنووسەکە ئایدا چاڤێزە، دامەزرێنەری پلاتفۆرمی "کاپیتاڵ ئەند ئیمپایەر"، بەڵام لە بەڵگەنامەکانی تۆمەتبارکردندا ناوی نەهاتووە و تەنیا بە "کەسی ژمارە 1" ئاماژەی پێ کراوە.

لە وتارەکانی ژێر لێکۆڵینەوەدا، ڕاپۆرتێک لە 28ی ئایار بڵاو کراوەتەوە کە باس لە هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگریی دەکات دەربارەی فشاری گریمانکراوی ئیسرائیل بۆ سەر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە مەبەستی بەئامانجگرتنی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران.

وتارێکی دیکە لە 29ی تەممووز باس لە هەوڵەکانی ئیسرائیل کردووە بۆ پاراستنی پشتگیریی ستراتیژیی واشنتۆن، لە کاتێکدا وتارێکی 5ی تشرینی یەکەم مەترسیی دابەشبوونە ناوخۆییەکانی ئیسرائیلی تاوتوێ کردووە.

بەپێی "نیویۆرک تایمز"، لێکۆڵەران زیاتر لە 800 پەیوەندیی و هەوڵی پەیوەندیکردنیان لەنێوان برینکسمان و ڕۆژنامەنووسەکەدا لە ساڵی 2026دا تۆمار کردووە. هەروەک تۆماری دەستگەیشتن بە بەڵگەنامە نهێنییەکان و نامە ئەلیکترۆنییەکانیشیان بەڵگە بوون.
برینکسمان بە پێی یاسای سیخوڕیی ئەمریکا ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی تا 10 ساڵ دەبێتەوە، بەڵام هیچ تۆمەتێک ئاراستەی ڕۆژنامەنووسەکە نەکراوە.

جۆن ڕەتکلیف، بەڕێوەبەری CIA، گواستنەوەی دۆسیەکەی بۆ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) پشتڕاست کردۆتەوە و هۆشداریی لە مەترسییەکانی ئاشکراکردنی نایاسایی زانیارییە نهێنییەکان بۆ سەرچاوە و ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگری داوە.