بەرپرسی عێراقی بۆ ئەلحوڕڕە: زیاتر لە 130 گۆڕی بەکۆمەڵ لەپارێزگای نەینەوا هەن

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 113 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولقادری دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، ئاشکرای کردووە کە گرووپەکانی ئەلقاعیدە و داعش زیاتر لە 130 گۆڕی بەکۆمەڵیان لە پارێزگاکە بەجێهێشتووە کە لە ناوچەکانی شنگال، تەلەعەفەر، دەشتی نەینەوا، موسڵ و باشووری ئەو شارەدا دابەش بوون.

دەخیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلحورڕە ڕوونی کردۆتەوە کە کردنەوەی ئەم گۆڕانە پێویستیان بە ئامێری تایبەت، بودجەی پێویست و تیمی پسپۆڕ بۆ پشکنینی DNA هەیە. ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە کە زانیارییە پەیوەندیدارەکانی بەو پڕۆژەیەی پێشکەش بە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کردووە بۆ دابینکردنی پارە و تاقیگە پێویستەکان.

بەپێی ڕاپۆرتە ئەمنیی و دادوەرییەکان، ژمارەی قوربانییەکانی چاڵی "خەسفە" زیاتر لە 20 هەزار کەسە لە دانیشتووانی نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە. خەسفە یەکێکە لە گەورەترین گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق لە ماوەی کۆنترۆڵی داعشدا، کە لە 20 کیلۆمەتر لە باشووری موسڵ و نزیک گوندی حەمام عەلیل هەڵکەوتووە.

خەسفە چاڵێکی سروشتییە بە قوڵایی نزیکەی 150 مەتر و درێژیی 13 کیلۆمەتر کە بە دەریاچەیەک کۆتایی دێت. بەگوێرەی دەخیل، هێشتا نەکراوەتەوە، چونکە بوونی گاز و گۆگرد پرۆسەی هەڵکەندن و پشکنین بە شێوازە ئاساییەکان ئاڵۆز دەکات.

پارێزگاری نەینەوا ئاشکرای کردووە کە لە کۆلێژی کشتوکاڵ و دارستانی حەمام عەلیل گۆڕێکی بەکۆمەڵی دیکە هەیە کە تەرمی زیاتر لە 1,000 قوربانیی نەناسراوی تێدایە.