شارپرێس:
بانکی ناوەندیی عێراق بەرزبونەوەی یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتی بۆ نزیکەی 80 ملیار دۆلار ڕاگەیاند، هاوکات پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی هاوڵاتییان دەکات سەبارەت بەبەردەستبونی دۆلاری کاش و دەڵێت، دۆلار بەنرخی فەرمی دەست هاوڵاتیان دەكەوێت و هەموو كارئاسانییەك لەلایەن بانكەكەوە دەكرێت..
مەحمود داغر، ڕاوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند،" کۆی یەدەگی دراوی دۆلار (لە ئەکاونتی بانکی ناوەندی و حکومەت لە فیدراڵیی ئەمریکا) لەمانگەکانی 9 و 10ی ساڵی 2026 چاکبوەوەو گەیشتەوە نزیکەی 80 ملیار دۆلار، دوای ئەوەی پێشتر دابەزیبوو بۆ 73 ملیار دۆلار.”
ڕاوێژکاری بانکی ناوەندی دەستنیشانی کرد کە ئەم بەرزبونەوەیە بەهۆی گەیشتنی داهاتی هەناردەکردنی نەوت بوە کە نزیک بوەتەوە لە 6 ملیار دۆلار.
ئاماژەی بەوەش کرد کە یەدەگی ئاڵتونی عێراق بە جێگیری لەسەر ئاستی 170 تۆن مایەوە.
لەبەشێکی تری لێدوانەکەیدا، مەحمود داغر باسی لەپرۆسەی دابینکردنی دۆلاری کاش کرد و ڕایگەیاند، بەبەدواداچونی ڕاستەوخۆی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تاوەکو ئێستا دوو فڕۆکەی هەڵگری دۆلار گەیشتوونەتە وڵات (کە هەر فڕۆکەیەک نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری هەڵگرتووە) و بارنامەی دیکەش لە ڕێگەدان. ئەمەش هۆکاری ئەوە بووە کە پشکی گەشتیاران لە 2 بەشەوە بۆ 6 بەش لە ساڵێکدا بەرز ببنەوە.
دەربارەی هۆکاری هێشتنەوەی بەشێکی گەورەی یەدەگ لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، ڕاوێژکاری بانکی ناوەندی ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای زانستی و تەکنیکی دراوە بۆ پاراستنی یاسایی پارەکانی عێراق لە دۆسیە دەرەکییەکان، جەختیشی کردەوە کە بەشێکی تر لە یەدەگی وڵات لە ناوەندە داراییەکانی ئەورووپا، بازل، ئیمارات و چین پارێزراون.
