بەهۆی نارەزایەتییەکانی ئەمریکاوە، ئەگەری هەیە زەیدی باڵیۆزی نوێی ئێران لەبەغدا قبوڵ نەکات

عیراق

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 247 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقی ئاشکرایکردووە کە عەلی زەیدی، سەرۆکی وەزیرانی عێراق، هەڵسەنگاندن بۆ ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنی عەبدولڕەزا مەسکەریان بۆ پۆستی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا دەکات، دوای ئەوەی واشنتۆن ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر بەو کاندیدە دەربڕیوە.

بەپێی زانیارییەکانی "ئیرەم نیوز"، ئەمریکا فشاری خستۆتە سەر حکومەتی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنی مەسکەریان، کە عەمیدێکی سوپای پاسدارانی ئێران و یەکێک لە فەرماندە پێشووەکانی فەیلەقی قودسە.
زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە واشنتۆن نیگەرانیی خۆی لە پەیوەندییەکانی مەسکەریان لەگەڵ گرووپە چەکدارە عێراقییەکان دەربڕیوە، بەتایبەتیی لە کاتێکدا ئەمریکا فشاری بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئەو گرووپانە و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا زیاد کردووە.
مەسکەریان پێشتر فەرماندەی "بارەگای ڕەمەزان" بووە، کە بەشێکە لە فەیلەقی قودس، و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵی لە هەماهەنگیی ئەمنی و پەیوەندی لەگەڵ گرووپە عێراقییەکاندا هەبووە.
هەروەک لە 8ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا سەرۆکایەتیی شاندێکی ئێرانیی کردووە کە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبۆتەوە و گفتوگۆیان لەسەر هاوکاریی ئەمنیی و ڕێککەوتنە سنوورییەکان کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە کە زەیدی هێشتا بڕیارێکی کۆتایی لەسەر کاندیدکردنەکە نەداوە. ڕەتکردنەوەی ئەم کاندیدە دەتوانێت ناکۆکیی دیپلۆماسیی لە نێوان بەغدا و تاران درووست بکات، لە کاتێکدا دواخستنی بڕیاردانیش وەک ڕێگایەک بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ باس دەکرێت.
تا ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمیی عێراقی یان ئێرانی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم کاندیدکردنە ڕانەگەیاندووە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی