میدیای ئیسرائیل: بەهۆی ناکۆکییان لەسەر پرسی ئێران، ترەمپ و ناتانیاهۆ تووشی دەمەقاڵێیەکی توند بوون

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 412 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی میدیایی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەپەیوەندییەکانی تەلەفۆنییدا لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، تووشی دەمەقاڵییەکی زۆر توند بوونەتەوە؛ ئەمەش لەسەر جیاوازیی ڕوانگەیان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران.

بەپێی ماڵپەڕی «وای نێت»، نەتانیاهۆ لە تەلەفۆنەکەدا گوشاری خستۆتە سەر ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دژی ئێران، بەڵام ترەمپ لەسەر بەردەوامبوون لە ڕێگای دیپلۆماسیی و دانانی دەرفەت بۆ گفتوگۆکانی ئاشتیی لەگەڵ تاران سوور بووە.

یەکێک لە سەرچاوەکان ئەو گفتوگۆیەی بە قورس و ئاڵۆز وەسفکردووە، سەرچاوەیەکی دیکەش ئاماژەی بەوە داوە کە گفتوگۆکە گۆڕاوە بۆ "مشتومڕێکی زۆر توند و هاواربەسەر یەکداکردن".

لە بەرانبەردا، نووسینگەی نەتانیاهۆ ئەوەی ڕەتکردۆتەوە کە پەیوەندییەکە توندوتیژیی تێدا بووبێت، لە کاتێکدا بەرپرسیارێکی باڵای ئیسرائیلی ئەنجامدانی تەلەفۆنەکەی پشتڕاستکردۆتەوە، بەڵام وتوویەتی گفتوگۆیەکی توند نەبووە.

کۆشکی سپیی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا لە پێگەیەکی بەهێزدایە، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و خراپی دۆخی ئابووریی ئێران.

ئەم ناکۆکییە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتێکی "فاینەنشیاڵ تایمز" ئاشکرایکردووە نەتانیاهۆ ڕۆژانە پەیوەندیی بە ترەمپەوە دەکات بۆ گوشارخستنە سەری و قایلکردنی بە دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی