خەیاڵی زانستیی یان ڕاستیی.. ناسا و ناوەندی ئەڵمانیی بۆ بۆشایی ئاسمانی پلانی کشتوکاڵکردن لەسەر مانگ دادەڕێژن

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 230 جار خوێندراوه‌ته‌وه


لە هەنگاوێکدا کە دەتوانێت خەیاڵی زانستیی بکاتە ڕاستیی، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا "ناسا"، بە هاوبەشیی لەگەڵ ناوەندی ئەڵمانیی بۆ بۆشایی ئاسمانی (DLR) و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی کەنەدا، کاری پەرەپێدانی "خانەی کشتوکاڵی" لەسەر مانگ دەکەن، بە ئامانجی بەرهەمهێنانی سەوزەی تازە بۆ خۆراکی کەشتیوانانی ئاسمانیی لە ئەرکە درێژخایەنەکاندا.

پڕۆژەکە کە ناوی "یەکەی کشتوکاڵیی مانگ – مۆدێلی تاقیکردنەوەی زەوی" لێنراوە، پشت بە دروستکردنی شوێنی داخراوی کشتوکاڵیی دەبەستێت کە بتوانێت لە ژینگەیەکی دژواردا کار بکات؛ ژینگەیەک کە بێبوونی هەوای دەوروبەر، گۆڕانی توندی پلەی گەرمیی و تیشکی کۆسمۆسیی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانییەتی.
لەو پڕۆژەیەدا سەوزەکان ڕاستەوخۆ لە خاکی مانگدا ناچێندرێن، چونکە خاکی مانگ بە پێویستییەکانی گەشەکردنی ڕووەک ناگونجێت و ئاو بە ئاسانی بەردەست نییە. لەبری ئەوە، سیستەمی کشتوکاڵیی داخراو بەکاردەهێنرێت کە ڕووناکیی، شێ، پلەی گەرمی و ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کۆنترۆڵ دەکات.
ئامانجی پڕۆژەکە لێکۆڵینەوەیە لە پەیوەندیی زیندوویی نێوان ڕووەکەکان و کەشتیوانانی ئاسمانیی؛ چونکە ڕووەکەکان دەتوانن ئۆکسجین بەرهەمبهێنن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن هەڵمژن، لە هەمان کاتدا سەوزەی تازە بۆ خۆراک دابین بکەن و پێویستی بە ناردنی خۆراک لە زەویەوە کەم بکەنەوە.
پێش دەستپێکردنی کشتوکاڵ لەسەر مانگ، هاوبەشەکان پلانی دروستکردنی مۆدێلێکی تاقیکردنەوەی تەواو لەسەر زەوی دادەڕێژن. ئەم مۆدێلە یەکەی کشتوکاڵیی بە شوێنی نیشتەجێبوون و کاری کەشتیوانانی ئاسمانییەوە دەبەستێتەوە، بۆ تاقیکردنەوەی هاوتەریببوونی سیستەمەکانی ژیان و کشتوکاڵ و ئاڵوگۆڕی سەرچاوەکان.
ئاژانسە بەشداربووەکان ڕایانگەیاندووە کە کارە ئامادەکارییە هاوبەشەکان دەستیان پێکردووە و تا ساڵی 2032 بڕیار لەسەر دروستکردن، شێوازی دارایی و جێبەجێکردنی مۆدێلە تاقیکارییەکە دەدرێت.
پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمدا ئامانجی خۆراکپێدانی نیشتەجێبووانی هەمیشەیی مانگ نییە، بەڵکو دابینکردنی خۆراکی تازەیە بۆ کەشتیوانانی ئاسمانیی لە ئەرکە درێژخایەنەکاندا. ناسا پێشتر تاقیکردنەوەی چاندنی کاهوو، کەلەمی چینی و بیبەری توند لەسەر وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتیی ئەنجام داوە.
سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بەرەو دابینکردنی ژیانێکی بەردەوام بۆ مرۆڤ لە دەرەوەی زەوی.


ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی