پلانی ناتانیاهۆ بۆ لێدانی ئێران پێش رادەستکردنی دەسەڵات ئاشکرا دەبێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 720 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل، هەوڵدەدات پێش کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی و گواستنەوەی حکومەت، هێرشێکی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات، بەڵام ئەم هەوڵە بۆتە جێی ناکۆکیی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و سەرکردایەتیی سوپای ئیسرائیل.

بەپێی لێدوانەکانی نەزیر مەجلی، نووسەری سیاسی، نەتانیاهۆ هێشتا وەک سەرۆکی حکومەتی کاتیی دەسەڵاتی فراوانی لە بڕیارە ئەمنییەکاندا هەیە، بۆیە لە ڕووی یاساییەوە دەتوانێت بڕیاری هێرشی سەربازیی بدات،  بەڵام سوپای ئیسرائیل پێیوایە لە ئێستادا پێویستییەکی بەپەلە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران نییە و دەتوانرێت بڕیارەکە دوابخرێت تا حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت.

لە هەمان کاتدا، نەتانیاهۆ هەوڵدەدات پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنەکە بەدەستبهێنێت، بەڵام دوناڵد ترەمپ تا ئێستا چرای سەوزی بۆ هێرشەکە هەڵنەکردووە. نەتانیاهۆ لە دیدارەکەیدا لەگەڵ گادی ئایزینکۆت، هەوڵیداوە ناوبراو ڕازیی بکات زانیارییەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی چەکی ناوەکیی و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بگەیەنێتە ترەمپ، بۆ قایلکردنی بە پێویستیی هێرشێکی خێرا.

هەروەک هۆشداریی دەدرێت کە نەتانیاهۆ لەوانەیە بە هێرشێکی سەربازیی، پێش ڕادەستکردنی دەسەڵات، هەوڵی تێکدانی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە حکومەت و دروستکردنی باری لەناکاو بدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئایزینکۆت هەوڵدەدات ڕێگری لە هەر هەنگاوێک بکات کە شەڕێکی نوێ لەگەڵ ئێران دەستپێبکات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی