شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبونەوەی یەکلاکەرەوەی تایبەت بەپەسەندکردنی
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027ی دواخست، ئەمەش بەهۆی تەقینەوەی ناکۆکیی نوێ لەنێوان
حکومەتی فیدراڵیو هەرێمی کوردستان لەلایەکو قوڵبونەوەی ململانێی دارایی نێوان
پارتیو یەکێتییو تهشهنهسەندنی ناڕەزایەتیی پارێزگاکانی عێراق لەلایەکی دیکەوە
کە پرۆسەی دارایی وڵاتەکەی خستوەتە ژێر ڕەحمەتی سیستەمی خەرجکردنی کاتیی (1/12).
هەڕەشەکانی جیابونەوەی سلێمانیو یاسای پۆلێنکردنی بودجەی وەبەرهێنان
تاریق مەعموری پسپۆڕی یاسایی بهڕۆژنامهى "عالهم جهدید"ى
وتوه، "هۆکاری سەرەکیی دواخستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی
بودجە، ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ گرژیی توندی نێوان ئیدارەی سلێمانیو هەولێر، دوای
ئەوەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڕەشەی کشانەوە لەهەرێمو
دامەزراندنی ئیدارەیەکی سەربەخۆی بۆ سلێمانی کردوە".
مەعموری پۆلێنکردنی دابەشبونی دارایی هەرێمی بهگوێرهى یاسا ڕونکردەوەو
وتى، "بهگوێرهى دەستور، بەغدا پشکی گشتیی دەداتە قەوارەی هەرێمو ناتوانێت ڕاستەوخۆ
پشکی لقەکان جیابکاتەوە، بۆ پرسى بودجەی وەبەرهێنانیش، ئەم بڕگەیە بهگوێرهى یاسا،
بۆ هەر پارێزگایەک بەجیا دیاریدەکرێت؛ بۆیە حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە
بۆ هەولێر، پشکی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕاستەوخۆ خۆی خەرجبکات".
ئهوهشى وت، "تەوتینکردنی موچەش پرسێكى دیكهیه، بهگوێرهى بڕیاری
ژمارە (224)و (269)ی دادگای فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، دەبێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم
لەڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە تەوتین بکرێت، ئەمەش بەهۆی بونی گومان لەسەر هەبونی
"پلەی وەزیفیی وەهمی" لای ئیدارەی هەرێم کە هێشتا کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە".
دژایەتیی پارێزگاکانو مەترسیی بەردەوامبونی سیستەمی 1/12
زەیدون نەبهایی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەڕەوتی حیكمە ئاماژهى بهوهدابوو،
بودجەی 2027 بەتەواوی کەوتوەتە ژێر گوشاری ململانێی حزبیو خۆپیشاندانەکان، بەتایبەت
کە دوای بودجەی سێ ساڵەی (2023 ـ 2025) عێراق لەساڵی 2026دا هیچ یاسایەکی بودجەی نەبوە،
ئەمەش کۆمەڵێک پێویستیی کۆن بەهەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە.
نەبهانی ئاماژەی بەوەکردوه، پشکی پارێزگاکانی ناوەڕاستو باشور لەناو
پڕۆژەیاسای نوێدا یەکجار کەمەو تەرخانکردنی دارایی لەڕێگەی پڕۆژە وەزارییەکانەوە
ناتوانێت خزمەتگوزاریی ڕاستەقینە پێشکەش بەهاوڵاتیان بکات، بۆیە داوای دۆزینەوەی سەقفێکی
کاتیی خێرا دەکات بۆ ڕێککەوتن.
مۆڵەتی دوو هەفتەیی لیژنەی داراییو ڕەتکردنەوەی وفدی کوردی
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، کێشەی
نێوان بەغداو هەرێمو ناڕەزایەتیی پارێزگاکان، تاقیکردنەوەیەکی توندە بۆ ئابوریی وڵات،
کۆچەر پێشنیازی مۆڵەتێکی کاتیی دوو هەفتەیی دەکات بۆ پێکهێنانی ژورێکی کاری هاوبەش
بەمەبەستی گەیشتن بەسازانو هۆشداریدا، غیابی بودجە خەرجکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی
کەرتی گشتیی پەکدەخات، بەڵام دڵنیاییدا کە موچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی 2027 پارێزراوە.
هاوکات، وەفا محەمەد کەریم كادیرى پێشكهوتوى پارتی دیموکراتی
کوردستان پشتڕاستیکردەوە، کۆبونەوەی بڕیاردراوی نێوان بەغداو وهفدى هەرێم دواخراوە،
چونکە وهفدى کوردی ناڕەزایەتیی لەسەر چەند بڕگەیەکی دارایی ناو پڕۆژەی بودجەکە هەبوە،
لەبەرامبەردا، یاسین عەزیز شرۆڤەکاری سیاسیی پێیوایە، جیاکردنەوەی پشکی سلێمانی لەڕوی
یاساییەوە پێویستی بەکاتێکی زۆر هەیەو تەنانەت لەناو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیشدا
ڕای جیاواز لەسەر تێپەڕاندنی فۆرمی کۆتایی یاساکە هەیە.
