شارپرێس:
پێدەچێت عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەڕازیکردنی واشنتۆندا سەرکەوتوو
نەبوبێت سەبارەت بەکۆنترۆڵکردنی مەلەفی چەک، زەیدیی لەپهیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی توندی پێگەیشتوە لەئەگەری گەڕانەوەی گروپە
چەکدارەکان بۆ ستراتیژیی (یەکگرتنی بەرەکان)و ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو شەڕێکی هەرێمی.
پهیوەندییەکەی ترەمپو ئامادەبونی کتوپڕی تۆم باراک لەبەغدا
سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایدەکەن، تۆم باراک نوێنهرى تایبەتی ترەمپ
کە بۆ دوەمجار لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا بەشێوازێکی کتوپڕ لەبەغدا دەرکەوتوە، لەکاتی
پهیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپو زەیدیدا ئامادەبوە.
واشنتۆن هۆشداریداوە کە ئەگەر دۆخەکە لەدەست دەربچێتو گروپە چەکدارەکان
بچنە ناو ململانێکانەوە، عێراق دەبێتە بەشێک لەشەڕێکی گەورە کە لەسنورەکانی خۆی تێدەپەڕێت، بهگوێرهى میدیای عێراقیی، ترەمپ لەپەیوەندییە تەلەفۆنیەکەیدا بۆ عەلی زەیدی وتویەتی، "ئەگەر میلیشیاکان بونە بەشێک لەجەنگەکە، دەستگیریان بکە، ئەگەر بۆت نەکرا، بۆ ئێمەی جێ بهێڵە".
زەیدیی بەترەمپو باراکی ڕاگەیاندوە، عێراق بێلایەن دەبێتو جەختی لەسەر
گرنگیی شەراکەتو بەدورگرتنی وڵات لەشەڕکردوەتەوە.
چەند کاتژمێرێک دوای ئەم کۆبونەوانە، هێزە ئەمنییەکان سێ کارمەندی حەشدی
شەعبیان لەناوچەی (لەتیفیە) لەباشوری بەغدا دەستگیرکرد کە 35 موشەکیان پێبوە، ئەمەش
نیشانەی تێکچونی تێگەیشتنە ئەمنییەکانە.
گروپە چەکدارەکان چەک ڕادەستناکەن: "شەڕی ئێران لەڕێگەیە"
زانیارییە دزەپێکراوەکانو ڕاپۆرتە تایبەتەکان ئاماژە بەوەدەکەن،
گروپە چەکدارەکان لەگفتوگۆ ڕاستەوخۆکانیاندا بەعەلی زەیدییان ڕاگەیاندوە، لەمکاتەدا
چەک ڕادەستناکەن، چونکە ئەگەری هەیە لەهەر چرکەیەکدا شەڕی ئەمریکاو ئێران دەستپێبکاتهوه.
پاشەکشەی گروپەکان تەنها ئەمنی نییە، بەڵکو سیاسییشە؛ چونکە پێیانوایە،
هەندێک لایەنی شیعە دەیانەوێت مەلەفی چەک بۆ ململانێی حزبی بەکاربهێنن، لەلایەکی دیكهشهوه،
کاتێک زەیدی ویستی بهگوێرهى ئامۆژگارییەکانی تۆم باراک خۆی سەرکردایەتیی گفتوگۆکان
بکات، توڕەیی کەتایبی حزبوڵڵای لێکەوتەوەو
هێرشی میدیایی توندیانکردەسەر زەیدییو چوارچێوەی هەماهەنگی.
واشنتۆن ڕێککەوتنی بەمەرج قبوڵناکات
عەقیل عەباس توێژەری سیاسیی، پێیوایە کێشەی سەرەکی لەمۆدێلی ڕێککەوتنەکەدایە،
حکومەتو چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانویست چەکی چوار بۆ پێنج گروپ لەناو حەشددا کۆبکەنەوە،
لەبەرامبەردا داوای مەرج لەئەمریکا بکەن (وەک کێشەی هێزەکانی تورکیا)، بەڵام واشنتۆن
هیچ جۆرە گۆڕینەوەو مەرجێک قبوڵناکات.
دهشڵێت، "ئەمریکا دەیەوێت چەک بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا
بێت، ئەگەر شەڕی ئەمریکاو ئێران دەستپێبکات، تاقیکردنەوەیەکی کوشندە بۆ زەیدیی دێتە
پێش: ئایا دەتوانێت ڕێگریی لەگروپەکان بکات بەشداریی شەڕ نەکەن؟ ئەگەر نەتوانێت، دەسەڵاتی
سەرۆک وەزیران بەتاڵدەبێتەوە".
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئەگەری خێراکردنی شەڕ
زیاراتی دوەمی تۆم باراک لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا لەکۆتایی ئەیلولدا
پاشەکشەیان لەعێراق کردوە، لەلایەکی دیکەوە، تێکچونی پهیوەندییەکانی واشنتۆنو
تارانو دۆڕانی پارتی کۆماری (حزبی ترەمپ) لەهەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، دۆخەکەی
ئاڵۆزترکردوە.
کاتۆ سەعدوڵڵا توێژەری پهیوەندییەکانی عێراقو ئەمریکا ڕایگەیاند، دۆڕانی
کۆمارییەکان لەکۆنگرێسدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ناگۆڕێت، چونکە مەلەفە دەرەکییەکان
لەدەستی سەرۆکایەتیدان، بەڵام عەقیل عەباس پێشبینییەکی مەترسیدار دەکاتو دەڵێت،
"ترەمپ تەنها نێوان دوو مانگی لەبەردەمدایە پێشئەوەی دیموکراتەکان کۆنگرێس بەدەستەوە
بگرن، ئەمەش مێژوەکە هەستیارتر دەکات؛ بۆیە ئەگەری زۆرە ترەمپ لەجیاتی هێورکردنەوە،
هێرشە سەربازییەکانی دژی ئێران خێرا بکات پێشئەوەی هاوسەنگیی هێز لەناو کۆنگرێسدا
بگۆڕێت".
هەر لەم چوارچێوەیەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا هۆشداریی بەپەلەی
داوەتە هاوڵاتیانی خۆی لەناوچەکەدا لەمەترسیی هێرشەکانی حوسییەکانو پیلانەکانی ئێران
بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی ئەمریکی.
