سەڵاحەدین بەهائەدین: پەرلەمانێکی لەتبوو نەبونی باشترە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2837 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتوی ئیسلامیی، لەلێدوانێکی گرنگ‌و بەپەلەدا هۆشداریی توندیدا لەلێکەوتەکانی لەتبونی پەرلەمان لەدوای دانیشتنەکەی 4ی تشرینی دوەم، ڕاشیگەیاند، "پاراستنی یەکپارچەیی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەپێش هەموو شتێکەوەیەو پێویستە پارتی‌و یەکێتیی پێداچونەوەی بەپەلە بەبڕیارەکانیاندا بکەن".


ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو نیگەرانیی قوڵی خۆی لەدروستبونی تەنگژەی نوێ لەنێوان پارتی‌و یەکێتیی دەربڕیوه‌و له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ده‌ڵێت، "ئەگەرچی پێکهێنانی پەرلەمان خواستی هەمولایەکمانە، بەڵام بەو شێوەیە نا کە لەتبکرێت‌و دابەشبکرێت؛ چونکە پەرلەمانێکی لەتبوو، زۆر خراپەو نەبونی باشترە لەوەی ببێتە مایەی لەتکردنی هەرێم".

ئاشکراشیکردوه‌، پێشتر ئومێد هەبوە دۆخەکە بەرەو باشتر بچێت‌و ئەوان هاوشانی دۆستان‌و لایەنەکانی دیكه‌ هەوڵی زۆریانداوە بۆ یه‌كخستنى پارتی‌و یەکێتیی، بەڵام وه‌كو وتویه‌تى، "دیارە جارێکی دیکە گرفت‌و ئاستەنگ دروستبوەتەوە".

لەکۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا، سەڵاحەدین بەهائەدین داوای لەهەردوو حزبی دەسەڵاتدار کردوه‌، بەرپرسیارێتیی مێژویی هەڵبگرن‌و بەزوترینکات پێداچونەوە بەبڕیارەکانیاندا بکەنەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا.

ئەم هەڵوێستە کتوپڕەی یەکگرتوی ئیسلامی دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی داوای گفتوگۆی لەیەکێتیی کرد، لەکاتێکدا کشانەوەی تیمی یەکێتیی لەحکومەت‌و بڕیاری دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆ لەسلێمانی، مەترسیی قوڵی دوو ئیدارەیی لەهەرێمدا زیندوکردوەتەوە.