دانەغاز بەرهەمهێنانی غازی لەکۆرمۆر ڕاگرت‌و سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت: هێرشەکە لەسنوری خورماتوەوە کراوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2934 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی بەفەرمی ڕاگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی غازی لەکێڵگەی کۆرمۆر ڕاگەیاند بەهۆی هێرشە درۆنییەکانى شەوی ڕابردوەوە، ئەمەش بوەتە هۆی کەمبونەوەی دەستبەجێی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لەتەواوی هەرێمی کوردستان، هاوکات زانیارییە ئەمنییە سەرەتاییەکانیش ئاشکرایدەکەن، هێرشەکە لەسنوری قەزای خورماتوەوە ئاڕاستەکراوە.

 

کۆمپانیاکە پشتڕاستیکردەوە، شەوی ڕابردوو کێڵگەکە ڕوبەڕوی هێرشێکی درۆنی بوەتەوەو ئاگرەکەی کێڵگەکە کوژێندراوەتەوە بەبێئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.

دانەغاز جەختیکردەوە، تاوەکو هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ زیانەکان نەکرێت، بەرهەمهێنانی غاز دەستپێناکاتەوە، لەگەڵ حکومەتی هەرێم‌و بەغدا لەسەر هێڵن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.

هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان‌و وەزارەتی کارەبای هەرێمیش لەڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا هێرشەکەی کاتژمێر 11ی شەوى ڕابردویان بە"کردەوەیەکی تیرۆریستی" وەسفکردوه‌و ڕایانگەیاندوه‌، لەهەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت.

سەرچاوەیەک لەناو کێڵگەکەوە ئاشكرایكردوه‌، هێرشەکە بەر ناوچەی کۆگاکان‌و بەشی بارکردنی بارهەڵگرەکان (Truck Loading) کەوتوەو ئاگری لێکەوتوەتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنیش به‌میدیاى نزیك له‌پارتى وتوه‌، "به‌گوێره‌ى بەدواداچونە سەرەتاییەکان، ئاڕاستەی هێرشەکە لەسنوری قەزای خورماتوەوە بوە".

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە ناحیەی قادرکەرەم لەقەزای چەمچەماڵ‌و شادەماری وزەی هەرێمی کوردستانە، کە غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبای هەولێر، چەمچەماڵ‌و  بازیان دابیندەکات.