شارپرێس:
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی لەڕاپۆرتێکی بەپەلەدا ئاشکرایکرد، وەزارەتی
تەندروستیی ئێران پرۆسەیەکی بەرفراوانی بۆ دابەشکردنی حەبی یۆد (پۆتاسیۆم ئایۆداید)
بەسەر ئەو هاوڵاتییانەدا دەستپێکردوە کە لەنزیک بنکەو وێستگە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەدا
دەژین، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەری دزەکردنی تیشکی ئەتۆمی لەحاڵەتی
بۆردومانکردنیاندا.
بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران بۆ ڕۆژنامەکە پشتڕاستیکردوەتەوە،
دەرمانەکە لەقۆناغی یەکەمدا بەقوڵایی دوو تا سێ کیلۆمەتر بەسەر دانیشتوانی دەوروبەری
بنکە ئەتۆمییەکاندا دابەشدەکرێت.
هاوکات شیکەرەوەیەکی سیاسیی نزیک لەحکومەتەکەی مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاندوە،
بەرپرسانی باڵای سوپای پاسدارانو سوپاى ئهو وڵاته پێشبینیدەکەن، شەڕێکی ڕاستەوخۆ
لەئارادابێتو بنکە ستراتیژییو ژێرزەمینییەکانی کێوی (قوڵینگ) یەکێک بن لەئامانجە
سەرەکییەکانی هێرشە ئەگەرییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە، دابەشکردنی حەبی یۆد لەئێران پێشینەی هەیە؛ لەماوەی نێوان 23ی ئاب تا 22ی ئەیلولی 2026دا ئەنجامدراوە،
زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی بوشەهر ئاشکرایکردبوو، کە زیاتر لە180 هەزار حەبی یۆد
بەسەر هاوڵاتییانی نیشتەجێی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهردا دابەشکرابوو كه بەگرنگترین
ناوچەی ئەولەویەتی ئەمنی لەوڵاتەکەدا ئەژماردەکرێت.
لەڕوی پزیشکییەوە، حەبی پۆتاسیۆم ئایۆداید (حەبی یۆد) توانای هەیە ڕێگریی
بکات لەوەی ڕژێنی پایرۆید (غده درقیه) تیشکی ئەتۆمیی جۆری "یۆدی تیشکدەر"
مژۆک بکات، بەمەش هاوڵاتیان لەتوشبون بەشێرپەنجەی پایرۆید دەپارێزێت لەکاتی کارەساتە
ئەتۆمییەکاندا.
