ڕونکردنەوە لەبارەی لێدوانەکەی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دەدرێت

کوردستان

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەپانێڵێکدا لە بەریتانیا باسی لەوەکرد کە رەنگە هێرشەکەی کۆرمۆر لەلایەن هێزێکی کوردییەوە ئەنجامدرابێت، وتەبێژی دەزگاکە ڕونکردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەو قسەیەی سەرۆکی دەزگای ئاسایش نیشتیمانی گریمانەیی بوە.

ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی لەپانێڵێکدا لەشاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەلایەن رۆژنامەنوسێکەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بە سەرچاوەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ".

ئەوەشیخستەڕوو،" قسەکانی باسم بەدری و ئاماژەدانی بە ئەگەری تێوەگلانی لایەنێکی کوردی یان لایەنێکی دەرەکی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک نمونەی گریمانەیی بوە، بۆ ئەوەی ڕونی بکاتەوە کە ئەو زانیارییانەی لە میدیاکان باس دەکرێن بەس نین بۆ ئەوەی ناسنامەی لایەنی هێرشبەر دیاری بکرێت ".

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی باسی لەوەشکرد،" ئەو قسانەی باسم بەدری تۆمەتبارکردنی هیچ لایەنێک نییە و لەسەر بنەمای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان نەبوە ".