شارپرێس:
گومانەکانی گەندەڵیی و تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکان لە دەوری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، زیاتر دەبنەوە؛ لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سامانەکەی لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپیی نزیکەی 3 ملیار دۆلاری زیاد کردووە.
بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، سێ ئەندامی کۆنگرێس، لەوانەش ئەلیزابێس وارن و ڕیچارد بلۆمەنتاڵ، داوایان لە مێرێدیس ئۆرۆرک، کە بەرپرسی کۆکردنەوەی بەخشینە داراییەکانی پڕۆژەکانی ترەمپە، کردووە ڕوونی بکاتەوە کێ بەخشینەکانی کردووە و ئایا بەخشینەکان وایان کردووە بەخشەرەکان دەرفەتی تایبەتیان بۆ گەیشتن بە سەرۆک هەبێت.
دیموکراتەکان لە نامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پرۆسەی کۆکردنەوەی بەخشینەکان گومانی گەندەڵیی و مامەڵەی سیاسیی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەکان درووستدەکات.
ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە کە لیستی بەخشەرە گەورەکانی پڕۆژەی دروستکردنی هۆڵی ئاهەنگ لە کۆشکی سپیی، کەسان و کۆمپانیایەکی لەخۆگرتووە کە سوودیان لە بڕیارە حکومییەکان و گرێبەستەکان وەرگرتووە؛ لەگەڵ بەخشەرێک کە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لێبوردنی سەرۆکایەتیی وەرگرتووە.
ئۆرۆرک سەرپەرشتیی کۆکردنەوەی دارایی بۆ چەند پڕۆژەیەکی تری ترەمپیش دەکات، لەوانە درووستکردنی کەوانەیەکی یادگاری، باخچەی پەیکەرەکان و نوێکردنەوەی یاریگای گۆڵف. بەڵام نوێنەرێکی ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردۆتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی "60 خولەک" زیادبوونی سامانەکەی بە بەرزبوونەوەی بازاڕی پشکەکان بەستۆتەوە؛ بەڵام دان ئەلێکساندەر، ڕۆژنامەنووسی "فۆربس"، گومانی لەو ڕوونکردنەوەیەی ترەمپ کردووە و ئاشکرایکردووە کە دراوە دیجیتاڵییەکان گەورەترین سەرچاوەی زیادبوونی سامانەکەی بوون و نزیکەی 2 ملیار دۆلاریان بۆ زیاد کردووە.
هەرچەندە ئەم قازانجانە بە تەنیا سەلمێنەری پێشێلکاریی نین، بەڵام پرسیارەکان دەربارەی سنووری جیاکردنەوەی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ترەمپ و دەسەڵاتە سەرۆکایەتییەکەی زیاتر دەکەن.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی