40 ساڵ بەسەر مەتەڵێکدا کە ئیسرائیلی سەرسام کردبوو.. گەڕان لەئێران بەدوای بێسەروشوێنێکی ناو لوبناندا

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3237 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار دەیە شوێن گریمانەی تێوەگلانی ئێران کەوت لەونبونی فڕۆکەوانەکەی (ڕۆن ئاراد)داو بۆ دۆزینەوەی وەڵامێک بەرپرسانی ئێرانی ڕفاندو کوشت؛ بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێ پەردە لەسەر پێچەوانەیەکی گەورە هەڵدەداتەوە.



لەکانونی یەکەمی 1989دا، تامار ئاراد لەکۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لەپاریس وەستابوو، وێنەی هاوسەرەکەی (ڕۆن)و کچە بچووکەکەیانی بەدەستەوەبوو کە هێشتا تەمەنی نەگەیشتبوە چوار ساڵ، ئەو بەدوای ڕێگه‌یەکدا دەگەڕا بۆ گەیشتن بەهاوسەرەکەی کە سێ ساڵ پێشتر، دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لەباشوری لوبنان، بێسەروشوێن ببوو.



بەڵام تامار تەنها وێنەکانی پێنەبوو، بەڵکو گێڕانەوەیەکی لەحکومەتی ئیسرائیلەوە وەرگرتبوو کە دەیوت هاوسەرەکەی هێشتا لەژیاندایە، "بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر" لەسەر ئەوە هەیەو ڕفێنەرەکانی لەقۆناغێکدا ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان کردوە، تامار لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) وتی، "پێموایە ئەمە باشترە، چونکە ئێران وڵاتێکە دەتوانین دانوستانی لەگەڵدا بکەین".

لەوکاتەوە، ئێران بوە ئاڕاستەی سەرەکیی گەڕانەکانی ئیسرائیل بەدوای فڕۆکەوانە ونبوەکەدا، بەڵام وەک شایەتیی بەرپرسانی پێشوو بۆ کەناڵی حوڕه‌ دەریدەخەن، ئەم گریمانەیە کۆدەنگیی لەسەر نەبوە لەناو دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلداو هەندێکیان هەر لەسەرەتاوە گومانیان لەو زانیارییە هەواڵگرییانە هەبوە.

دابەشبونی مۆسادو شاباک لەسەر چارەنوسی (ڕۆن ئاراد)
ڕامی ئیگرا سەرۆکی پێشوی بەشی دیل‌و بێسەروشوێنان لەدەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)، ڕایگەیاندوه‌، ئەو لەدژبەرانی گریمانەی گواستنەوەی ئاراد بوە بۆ ئێران‌و پێیوابوە کە "پشتی بەزانیاریی هەواڵگریی ڕاستەقینەو پێویست نەبەستوە".

ئیگرا گومانەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دانوستانانەی لەساڵانی 1996و 1997 بەنێوەندگیریی ئەڵمانیا لەنێوان ئیسرائیل‌و ئێراندا کران؛ ئەو دەڵێت، کاردانەوەو شێوازی مامەڵەکردنی ئێرانییەکان دەریدەخست کە هیچ ڕۆڵێکیان لەم بابەتەدا نەبوە.

یارۆن بلوم ڕێکخەری پێشوی کاروباری دیل‌و بێسەروشوێنان لەنوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، مۆساد پێیوابوو، ئاراد لەئێرانە، لەکاتێکدا دەزگای ئاسایشی گشتیی (شاباک)و هەواڵگریی سەربازی پێیانوابوو، هەر لەلوبنان ماوەتەوە.

لەبەرامبەردا، کۆڵۆنێڵی یەدەگ گابی سیبۆنی بەرگریی لەکارەکانی مۆساد دەکات‌و دەڵێت، کاری هەواڵگری بریتییە لەتاقیکردنەوەی هەموو ئەگەرەکان‌و جیاوازیی بۆچون لەنێوان دەزگاکاندا شتێکی ئەرێنییە تاوەکو هەموان نەکەونە ناو یەک هەڵەی بیرکردنەوەوە.

بەڵگە لێڵەکان؛ چی بەسەر فڕۆکەوانەکە هات؟
چیرۆکەکە لە16ى تشرینی یەکەمی 1986 دەستیپێکرد، کاتێک فڕۆکەیەکی جۆری (فانتۆم)ی ئیسرائیلی بەهۆی تەقینەوەی پێشوەختەی بۆمبێکەوە لەئاسمانی باشوری لوبنان پێکرا. ڕۆن ئاراد کە تەمەنی 28 ساڵ بوو، بەپەڕەشوت خۆی هەڵدایە خوارەوە، بەڵام کەوتە دەست چەکدارانی (بزوتنەوەی ئەمەل)و مستەفا دێرانی بەرپرسی ئەمنیی بزوتنەوەکە سەرپەرشتیدەکرد.

لەساڵی 1992 پزیشکێکی ئێرانی بانگەشەیکرد کە لەئێران‌و لوبنان چارەسەری ئارادی کردوە، بەڵام کاتێک مۆساد پاداشتێکی دارایی پێشکەشکرد تا بەڵگە بهێنێتەوە، پزیشکەکە بێسەروشوێن بوو.

لەساڵی 1994 ئیسرائیل دێرانی لەلوبنان ڕفاندو بردییە ئیسرائیل بۆ لێکۆڵینەوە؛ دێرانی وتی، ئاراد لەماڵێکدا لەشارۆچکەی (نەبی شیت) لەبیقاع زیندانیکرابوو، بەڵام پاسەوانەکان دوای جێهێشتنی ماڵەکە بۆیان دەرکەوتوە کە دیارنەماوەو بەرپرسێکی ئێرانیش پێیوتوە، سوپای پاسداران بردویەتی بۆ ئێران، بەڵام ئەم گێڕانەوەیە هەرگیز نەسەلمێنرا.



بەرپرسەکەی پێشوی مۆساد پێیوایە، ڕەنگە ئاراد لەدەستی ڕفێنەرەکانی هەڵاتبێت‌و لەڕێگه‌دا مردبێت یان کەسێک کوشتبێتی؛ هەروەها پشکنینی (DNA) بۆ ئەو ئێسکوپروسکانەی حەسەن نەسروڵڵا دوای جەنگی 2006 ناردییە ئیسرائیل، دەریخست کە هی ئاراد نین، لەساڵی 2016یشدا، ئاڤی کالۆ فەرماندەی یەکەی بێسەروشوێنانی سوپای ئیسرائیل گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ئاراد هەرگیز لەئێران نەبوەو ئەوەی ڕویداوە بەکوێربونی بەکۆمەڵ وەسفیکرد.

گەڕانەوە بۆ لوبنان‌و ئۆپەراسیۆنەکەی ئاداری 2026
بەگوێره‌ى لێکۆڵینەوەکەی نیویۆرک تایمز، لەساڵی 2004 سوپای پاسداران‌و حزبوڵڵا پێکەوە گەڕانێکی هاوبەشیان کردو گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ڕۆن ئاراد لەساڵی 1988 لەشارۆچکەی (نەبی شیت) مردوەو هەر لەوێش نێژراوە.



لەمانگی ئاداری 2026دا، هێزەکانی ئیسرائیل لەئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا گەڕانەوە بۆ شارۆچکەی نەبی شیت‌و گۆڕستانێکیان پشکنی بۆ دۆزینەوەی ڕوفاتەکەی، بەڵام هیچ شتێکیان نەدۆزییەوە.



گەڕانەکانی ئیسرائیل ڕێڕەوی دیکەشی گرتەوە، لەوانە ئەحمەد شوکر ئەفسەری خانەنشینکراوی ئاسایشی لوبنان کە ئیسرائیل گومانی هەبوو شوێنی ئاراد بزانێت؛ شوکر لەکانونی یەکەمی 2025 بێسەروشوێن بوو و بەرپرسانی لوبنان پێیانوایە لەلایەن سیخوڕەکانی ئیسرائیلەوە ڕفێندراوە، چونکە ئیسرائیل گومانی هەیە ئاراد وەک تۆڵەی کوژرانی برایەکی شوکر لەساڵی 1988 گولەبارانکرابێت.

لەکۆتاییدا، دوای تێپەڕبونی 40 ساڵ، دەرکەوت کە ئیسرائیل دەیان ساڵ هەموو هێزی خۆی لەئێران بەدوای پیاوێکدا خەرجکرد کە ڕەنگە هەرگیز خاکی لوبنانی بەجێنەهێشتبێت.

بەپەلە